ئێران خۆی بۆ شەڕێكی سەخت‌و دۆخێكی خراپتر ئامادەدەكات

جیهان

02/08/2019‌ 1226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس،
حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، كە جەنگێكی سەخت چاوەڕێی وڵاتەكەی دەكات‌و ئاشگراشیكرد، كە ئەوان خۆیان بۆ ڕەوشێكی خراپتر ئامادە دەكەن .

روحانی لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا، كە ئاژانسی 'رۆیتەرز" گواستوویەتییەوە، راشیگەیاند، ئێران چاوەرێی جەنگێكی سەخت دەكات ، بەڵام :بەدڵنیایی ئێمە تێیدا سەركەوتوو دەبین".

لەدرێژەی قسەكانیدا روحانی رایگەیاند، لەكاتێكدا هەوڵ دەدەین لەگەڵ هێزە جیهانییەكان رێكەوتننامەی ناوەكی رزگار بكەین ، بەڵام "بەردەوام خۆمان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە دەكەین ، متمانەشمان هەیە بەوەی لەكۆتاییدا ئێمە سەردەكەوین".

سەرۆكی ئێران باسی لەوەش كرد، كە ئەوان توانای ئەوەیان هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەسەر رێكەوتننامە ناوەكییەكە ماونەتەوە لە دانوستانەكان بەردەوام بن ، بەڵام ئەوەشی راگەیاند، ئەوان وڵات لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوە دەبەن، كە دانوستانەكان لەگەڵ هێزەكانی تر هیچ ئەنجامێكی نابێت .

لەبەشێكی تری قسەكانیدا روحانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە وەك چۆن دەتوانن بەهەموو توانایانەوە بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن ، ئاواش دەتوانن بەرگری لە ئابوورییەكەیان بكەن .

هاوكات ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانی بڵاویكردەوە، كە روحانی لەسەر ئەو گەمارۆیانەی واشنتۆن بەسەر محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاندوویەتی كاردانەوەی نواندووەو رایگەیاندووە، كۆشكی سپی دەریخست، كە لە توانا دیبلۆماسییەكان دەترسێت.

سەرۆكی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەگەر ئەمەریكییەكان راست دەكەن و بۆ دانوستان كردن جیددین، "جگە لە زەریف دەبێ كێ دانوستانیان لەگەڵ بكات؟".

رۆژی چوار شەممە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاریدا گەمارۆ بخاتە سەر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هــ ـ ح