شارپرێس:
ئەمریكا سەر لەنوێ ئێران "ئیستفزاز" دەكاتەوە، لەژێر ئەو ناونیشانەدا (فیمیدا سلیموفا) لە گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی كاری ئەمریكا بۆ ئەوەی وا لە ئێران بكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی پێش بخاتو پاشان گورزی لێبوەشێنێت.
بەپێی راپۆرتەكە، لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ تاران، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا واشنتۆن رایدەگەیەنێت جارێكی تر بەخشینی كاتی لەسیستەمی سزاكان دژی ئێران دەخاتەڕوو، بەڵام ئەگەر بێتوو بەخشینەكان هەڵوەشێتەوە، ئەوا كۆمپانیا روسی و چینی و ئەوروپییەكان، ئەوانەی هاوكاری ئێران دەكەن لە پەرەسەندنی ئاشتیانەی ناوكی وەك بەشێك لەپلانی كاری گشتگیر (گرێبەستی ئەتۆمی) دەچنە ژێر كۆت و بەندەوە.
لەو بارەشەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەرچاوەكانی ئیدارەی ئەمریكییەوە گواستویەتییەوە، قسەكان دەربارەی پێنج بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی هەیە، رێگە بە روسیا و چین و وڵاتە ئەوروپییەكان دەدات بەردەوامبن لە هاوكاریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە بواری مەدەنیدا.
پۆلیتیكۆ باسی ئەوەی كردووە مشتومڕێكی گەرم لە كۆشكی سپیدا هەیە دەربارەی بەخشینەكان لە سزاكانی سەر ئێران، سەرچاوەیەكی ئاگاداری دۆخەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە خودی دۆناڵد ترامپ لەو كێشەیەدا ڕاڕایە.
بەگوێرەی قسەی گەورە توێژەرانی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نزیك و ناوەڕاست لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوە رۆژهەڵاتییەكانی سەر بە ئەكادیمیای زانستی روسی، ڤلادیمیر ساجین، هەڵوەشانەوەی بەخشینەكان لەلایەن واشنتۆنەوە هەنگاوێكی نالۆژیكییە.
ئەو لە قسەكردنیدا بۆ گۆڤاری ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە سەرجەم رێكارەكان لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا، ئامانجی دەمكوتكردنی ئێران و كەمكردنەوەی تواناكانییەتی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لە ئایندەیەكی نزیكدا.
ناوبراو گومانی خۆی پیشاندا لەوەی واشنتۆن بەخشیەنەكانی ئێستا لە سیستەمی سزاكاندا هەڵوەشێنێتەوە، لەو بارەیەوە وتی: بڕوام وا نییە پشتیوانانی ئەو میتۆدە لە كۆشكی سپیدا سەركەوتوو بن، لە كاتێكدا رەنگە قەدەغەكردنی نەوت ببێتە هۆی ئەوەی هەناردەكردنی بوەستێت.. بەڵام گەمارۆی ئەتۆمی وا لە تاران دەكات هەموو هەوڵێك بدات بۆ گەڕانەوەی ژێرخانی ئەتۆمیەكەی؛ ئەوەی پێش رێككەوتننامەكە هەیبوە.
لەهەمان كاتدا، ساجین وای دەبینێ ئەمریكا لەمیانی سەپاندنی سزا دژی ئێران لە بواری ئەتۆمیدا دەیەوێ ئیستفزازی تاران بكات، پێدەچێ كۆشكی سپی هەل بداتە ئێرانیەكان بۆ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمیەكەیان پەرەپێبدەن، بۆ ئەوەی لەدواییدا گورزی لێ بوەشێنن.
سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا