شارپرێس:
كۆمپانیای گوگڵ لێكۆڵینەوەیەكی نوێی كردووە و تێیدا دەركەوتووە ژمارەیەكی زۆری بەكارهێنەران پاسوۆردی هاككراو بەكاردەهێنن ئەمەش مانای وایە داتاكانیان هەڕەشەی دزەكردنی لەسەرە .
بەگوێرەی پێگەی "gizmodo" ، گوگڵ جەختیكردووەتەوە، كە ئەگەر بەكارهێنەران دەیانەوێت زانیارییەكانیان دزەی پێنەكرێت ئەوە با لەكاتی چوونە ناو كۆمەڵێك پێگەی جۆربەجۆر هەمان پاسوۆرد بەكارنەهێنن .
گوگڵ بۆ لێكۆڵینەوەكەی سوودی لە ٦٧٠ هەزار بەكارهێنەر وەرگرتووەو پشكنینی بۆ وشە تێپەرەكانیان كردووە، دەركەوتووە زیاتر لە ٣١٦ هەزار بەكارهێنەریان هەژمارەكەیان پارێزراو نییە .
هەروەها دەركەوتووە چواریەكی بەكارهێنەرانی گوگڵ سەرەرای ئەوەی ئەگەر ئاگاداریش بكرێنەوە، كە ئەو وشە تێپەرەی بەكاریدەهێنن هاككراوە، ئەوە هێشتا ئامادە نین پاسوۆردەكە بگۆرن .
لێكۆڵینەوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە ٢٥،٧% بەكارهێنەران دەكاتە ٨١٣٦٨ كەس ، ئەو هۆشدارییەی پێیان دراوە لەسەر هاككردنی پاسوۆردەكانیان پشتگوێیان خستووە و بەردەوام بوون لەسەر چوونە ناو هەژمارەكەیان بەهەمان وشەی تێپەڕی هاككراو، لەكاتێكدا ٢٦% كە ٨٢٧٦١ كەس وشەی تێپەڕی نوێیان دروست كردووە و هەوڵیانداوە وشە تێپەڕی بەهێز دابنێن .
لێكۆڵینەكە لەڕێگای مەزەندەكردنەوە بەو ئەنجامە گەیشتووە، كە ٦٠% وشە تێپەڕە نوێكان دژی هاككردن پارێزراون، ٩٦% یان لە وشە تێپەڕە سەرەكییەكە بەهێزتر بوون .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
