ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆی ئەمریكاو توركیا لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوای كوردستان هەیە

کوردستان

19/08/2019‌ 1967 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێشتا ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكاو توركیا لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان لەئارادایە .

لەو بارەیەوە مایكڵ رۆبن، توێژەر لە پەیمانگای پرۆژەی ئەمەریكی و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەلێدوانیكدا بۆ پێگەی "نۆرس پرێس" دەڵێت: ئەنقەرە بە نییەتباشی لەگەڵ واشنتۆن هەڵسوكەوت ناكات، بۆیە بەردەوام گفتوگۆكان ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی توركیا دەیانسەپێنێت شكست دەهێنێت.

رۆبن دەشڵێت: چاوەكان لەسەر ئەو دیپلۆماتكارە ئەمەریكییانەن، كە بەردەوام دەیانەوێت نەكەونە ناو هەڵەی ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا بەتایبەت رێكەوتنێك ببێتە هۆی راكێشانی هێزە توركییەكان بۆ ناوچەكە، لەبەر ئەوەی ئەوە توندرەوی بۆ ناوچەكە دەگێڕێتەوە و ناكۆكی و ململانی دەكات بە بابەتێك ناكرێت خۆی لێبەدوور بگیرێت .

توركیاو ئەمریكا لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بەگفتوگۆ كردووە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا، كە تەنیا چەند لێكتێگەیشتنێك لەنێوانیان هاتووەتە ئاراوە.

لای خۆیشییەوە، ئارۆن ستاین شارەزا لەكاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەڵێت: هیچ ئاماژەیەك نییە دەریبخات، كە توركیا لە هەڵوێستی خۆی دیتە خوارەوە و دان بەوەدا دەنێت، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لایەنێكی شەرعی ناوچەكەن.

هەر لەوچاورچێوەیەدا ، ستاین بەرێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پەیمانگای توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە لە فیلادیلفیا دەڵێت: هێشتا تێروانینی توركیا و ئەمەریكا زۆر لەیەكترەوە دوورە، بەجۆرێك  واشنتۆن دەیەوێت لەرێگای دروستكردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە كاتی زیاتر بكوژێت بۆ رێگری لە دەستتێوەردانی تاكلایەنەی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان لەڕێگای ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە.

هەروەها دوكتۆر حەسەن ماجد ، راوێژكار لە كاروباری ستراتیژی لە دامەزراوەی راوێژكاری D&S لە فەرەنسا دەڵێت: لەئێستادا ئەنقەرە و واشنتۆن زۆر لەوە دوورترن بگەنە لێكتێگەیشتنێكی گشتگیر سەربكێشێ بۆ رێكەوتنێكی دوورمەودا لەسەر باكووری سوریا، بۆیە ئەنجامە كۆتاییەكانی شكڵ و شێوەیەی ناوچە ئارامەكە لەماوەی دوورمەودا یان مەودا مامناوەند نەبێت دەرناكەوێت.

ماجید وای دەبینێت، كە تێكچوونی رەوشی ئەمنی ئیدلب و كەوتنی هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گرووپەكانی سەر بە توركیا بۆژێر دەستی حكومەتی سوریا و روسیا لەكاتێكدا توركیا دەیتوانی دەستی بەسەردا بگرێت ، ئەوە پاڵ بە ئەنقەرەوە دەنێت لەسوریا بەدوای ناوچەی تردا بگەڕێت دەستی بەسەردا بگرێت.

ماجید سەرنجی بۆ ئەو فشارانە راكێشاوە، كە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت هی فەرەنسییەكان دەدرێت بەوەی دەبێت هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك هێزی دەستەبەری ئاسایش لەو ناوچانە هەژمار بكرێت، كە رێكخراوی داعشی تێدا بەزێنراوە ، ئەوەش بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی شانەكانی ڕیكخراوی تیرۆریستی داعش لە وڵاتە ئەوروپاییەكان ،بەجۆرێك داعشە فەرەنسییە دەستگیركراوەكان ئەوانەی بەشێكیان لەبەردەم دادگای عێراقی ئامادە بوون ، مشتومرێكی زۆری لە نێوەندی رای گشتی فەرەنسا درووست كردووە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی