كێشەی باڵەكان زیاتر بووە
سەرچاوەیەك بەدووری دەزانێت یەكێتی بتوانێت لەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت

کوردستان

21/08/2019‌ 1779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە زۆرینەی زۆری بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی داوای بەستنی كۆنگرەی چوارەم دەكەن، بەڵام سەرچاوەیەكی ئەو حیزبە بەدووری دەزانێت، یەكێتی بتوانێت لەكۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێت.

لەو بارەوە سەرچایەكی یەكێتی، كە بەرپرسیاری لەناو ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەیەو داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ شارپرێس وتی: راستە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی داوا دەكەن لەكۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەستن، بەڵام بەستنی كۆنگرە لەمساڵدا ئەستەمە.

سەرچاوەكەی شارپرێس وتیشی: چ لەرووی ئامادەكارییەكانەوە، چ لەرووی هەوڵەكان بۆ نزیكبوونەوەی ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی هەنگاوێكی جددی نەنراوە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت لەكۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەسرێت.

یەكێتی دەبوو لەكۆتایی ساڵی 2013 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان‌و بۆچوونی جیاوازی باڵەكانی ئەو حیزبە، تائێستا نەتوانراوە كۆنگرە ببەسرێت‌و لەئێستاشدا داواكارییەكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەكۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەسرێت.

سەرچاوەكەی شارپرێس باسی لەوەش كرد، ئێستا بەهۆی داواكارییەكان بۆ بەستی كۆنگرە، ململانێ‌و كێشەی زیاتر لەناو باڵەكان دروست بووە، كە ئەوەش رێگرییەكی ترە بۆ بەستی كۆنگرەو رەنگە لەداهاتووش كێشەكان زیاتر بكات.

هـ ـ ح