زۆرترین جار دابەزێنراوە.. ئاگاداری ئەو ئەپڵیكەیشنە چینییە بن

هەمەڕەنگ

07/09/2019‌ 521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەپڵیكەیشنی نوێی چینی زاو، یان ZAO زۆر بەخێرایی چووە سەرەوەی لیستی ئەو ئەپڵیكەیشنانەی لە ئەپ ستۆرو گوگڵ پلەی لە چین دادەبەزێنرێن.

بەگوێرەی پێگەی "The Next Web"، ئەپڵیكەیشنەكە ڕێگە بە بەكارهێنەران دەدات لەناو ڤیدیۆ جۆربەجۆرەكان و لەڕێگای بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد دەمووچاوی خەڵكانی ئاسایی بخاتە سەر رووخساری كەسانی ناودار.

بەڵام ئەو ئەپڵیكەیشنە گەلێك مەترسی پەیوەست بە تایبەتمەندی بەكارهێنەرانی تێدایە، كە بەزۆری لە ئەپڵیكەیشنی "Deepfakes" دەچێت‌و بۆ جاڕسكردنی ئافرەتان بەكاردەهێنرا، ئەویش لەڕێگای دانانی وێنەكانیان لەسەر وێنەی ئابڕووبەرانە.

سەرباری ئەوەش سیاسەتی تایبەتمەندی ئەپڵیكەیشنەكە بەجۆرێكە كۆمپانیای خاوەنی ئەپەكە دەتوانێت وێنەی بەكارهێنەران بەكاربهێنێت‌و بێ رەزامەندی خاوەنەكەی بیاننێرێت بۆ لایەنی سێیەم، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی "بلوومبێرگ".

هەروەها بەگوێرەی پێگەی The Next Web ، بەهۆی ئەو هەزاران كۆمێنتە تووڕە و نارازییانەی لەسەر سیاسەتی تایبەتمەندی ئەپەكە هەبوو، پەرەپێدەرانی بەرنامەكە رایانگەیاند، ئەو بەندەیان لابردووە، كە رێگە بە لایەنی سێیەم دەدات بەشداری ئەو ناوەڕۆكانە بن، كە بەكارهێنەران دایدەنێن.

پێشتریش ئەپڵیكەیشنی ناوداری روسی  Faceapp، هەر بەهۆی سیاسەتی تایبەتمەندییەوە گەلێك رەخنەی لێگیرا، لەبەر ئەوەی كەس نەیدەزانی چارەنووسی ئەو زانیارییانە چی لێبەسەر دێت، كە بەكارهێنەر دەیخاتە بەردەم ئەپەكە، بەتایبەت سیاسەتی تایبەتمەندی كۆمپانیا روسییەكە روون نەبوو .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی