داعش ناكۆكی تێكەوتووە و تەندروستی ئەبوبەكر بەغدادیش خراپە

عیراق

07/09/2019‌ 2259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە ناكۆكی كەوتووەتە نێوان ڕێزەكانی داعشەوە و تەندروستی ئەبوبەكری بەغدادی سەركردەشیان خراپە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویكردەوە، كەسێكی نزیك لە بەغدادی ئەوەی ئاشكراكردووە، سەرۆكی رێكخراوی داعش "ئەبوبەكر بەغدادی" بەدەست باری تەندروستی نالەبارەوە دەناڵێنێت.
 
ئەنجوومەنە باڵای دادوەری عێراقیش لە بەیاننامەیەكدا باسی لەدانپێدانانەكانی "ڕەباح عەلی ئیبڕاهیم عەلی بەدری"‌ كردووە، كە ئامۆزای بەغدادییە. 

ڕەباح لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ باسی دیارترین ئەو گفتوگۆیانەی كردووە، كە لە نێوان خۆی و بەغدادیدا ڕوویانداوە.

ڕەباح دەڵێت: ڕێگەمان پێنەدەدرا لە بەغدادی نزیك بینەوە، براكەی بەغدادی ئەو ڕێگرییەی دەكرد، كەچی ڕۆژێكیان ئەحمەدی برای بەغدادی بە یاوەری ئەبو هاجەر ناوێك لەناكاوێك پەیدابوو، داوای لێكردم بمبەن بۆلای بەغدادی، چاویان بەستم و بردیانم و لە ناكاوێك خۆم لەبەردەم بەغدادیدا بینییەوە.

ڕەباح لە دانپێدانانەكانیدا دەشڵێت: بەغدادی لە ماڵێكدا دەژیا، كە ڕووبەرەكەی لە 150 مەتر تێناپەڕێت و كەسێكی دیكەش یاوەری دەكات، كە بینیمی لێی پرسیم ئاخۆ بارودۆخی خۆم و خێزانەكەم چۆنە، داواشی لێكردم خێزانەكەم بگوازمەوە بۆ پەناگایەكی ئارام و پارێزراو، چونكە جەنگ هەر توندتر و توندنر دەبوو.

ڕەباح وتیشی: ناكۆكی توند كەوتووەتە نێوان سەركردەكانی ڕێكخراوی داعشی‌و ئەوەشم بە بەغدادی وت، وتیشم هۆكارەكەی ئەوەیە تۆ لێیان دووریت‌و لەسەر گۆڕەپانەكە دەرناكەویت و دەنگۆی ئەوەش هەیە، كە تۆ نەماویت و كوژراویت. 

ڕەباح هەروەها دەڵێت: بەغدادی بە دەق پێی وتووە ئێمە بە كۆمەڵە كەسانێك دەورە دراوین، كە لە دژی ئێمە كار دەكەن، ئەم دۆخە پەریسەند و گەیشتە ڕادەی هەڵگەڕانەوەی سەركردەكان، وتیشی تونسییەكانی ناو ڕێزەكانی داعش، لەوانەبوون دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەووە، كە خەلیفە نەماوە.

ڕەباح باسی لەوەش كردوە، كە لە ڕووی تەندروستیشەوە دۆخی بەغدادی خراپە، پیری‌و شەكەتی پێوەدیارە، بەدەست ئازاری گوێشییەوە دەناڵێنێت، كە كاتی خۆی لە ناوچەی بوكەمال نەشتەرگەری بۆ كردووە.

ڕەباح هەروەها وتی: بەغدادی لە ناوچەی "شەعفە" سوریا دوور نییە، چونكە لەو ناوچەوە بە 10 بۆ 15 خولەكە ڕێگەبڕین ئەومان بینی.

سەرچاوە: شەڕقلئەوسەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر