نێچیرڤان بارزانی لەجموجوڵەكانی بارەگای بارزانی‌و مەسرور بارزانی نیگەرانە

کوردستان

10/09/2019‌ 5215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەجموجوڵەكانی بارەگای بارزانی نیگەرانە، كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات سەرۆكایەتی بارەگاكە دەكات.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس نیگەرانییەكەی نێچیرڤان بارزانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە مەسعود بارزانی لەرێگەی بارەگای بارزانییەوە دەیەوێت رۆڵی سەرۆكی هەرێم كەمبكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بۆ پۆستی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم فەوزی حەریری دانراوە، كە پێشتر لەپۆستی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەڵام بەچەند هۆیەك دورخراوەتەوە.  

سەرچاوەكەی شارپرێس باسی لەوەش كرد، كە نێچیرڤان بارزانی و سەركردە نزیكەكانی لەجموجۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ گۆڕینی بەرپرسانی ئیداری لەسنووری هەولێرو دهۆكیش نیگەرانە.

هاوكات سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە پێشنیاز بۆ نێچیرڤان بارزانی كراوە، كە لەو بارەوە راستەوخۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی قسە بكات‌و نیگەرانییەكانی پێبگەیەنێت‌و كێشەكانی لەگەڵ چارەسەر بكات.

هەروەها پیشنیازی ئەوەش بۆ نێچیرڤان بارزانی كراوە، كە وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت و چیتر لەو بارەوە بێدەنگ نەبێت.

لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانی كێشەو ئاڵۆزییەكانی نێوان ناوبراو نێچیرڤان بارزانی زیاتر دەركەوتوون، كە چەند ساڵێكە بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح