گۆڕان داوای كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی دەكات
پارتی‌و یەكێتی یەكتری بەتەواونەكردنی كابینەی نۆیەم تۆمەتبار دەكەن

کوردستان

11/09/2019‌ 985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەر پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت، پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی یەكتر تۆمەتبار دەكەن و گۆڕانیش داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی دەكات.
 
دوو مانگی تەواو بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم تێپەڕ بووەو ئەوەی تائێستا گۆڕانكاری تێدا كراوە تەیها پۆستە وەزارییەكانن، لە بریكاری وەزیرەوە تا بەڕێوەبەرە گشتییەكان و نوێنەرایەتییەكان لەدەرەوە و راوێژكارەكان دەستبەكار نەبوون.

لایەنە سیاسیەكان بەپێی رێكەوتنی سیاسی نێوانیان‌و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پۆستەكانیان بەمشێوەیە لەنێوان خۆیاندا دابەشكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێژی لە 45 % ، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرێژەی 22% ، بزووتنەوەی گۆڕانیش بەڕێژەی 12 % .

رۆژی 30 ی ئەیلولی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تا ئەو كاتەی لایەنەكان گەیشتن بەڕێكەوتن 280 رۆژی پێچوو، 20 رۆژی تر ساڵێكی تەواو بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕدەبێت‌و ئەوەی تائێستا كراوە تەنیا گۆڕانكارییە لە ئەنجوومەنی وەزیراندا.

بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەبەشداریكردن لە حكومەتدا گرەوی خۆی لەسەر چاكسازی كردووە، دوو مانگ تێپەڕیوە و ئێستا تەنیا چوار پۆستی لە حكومەت هەیە، كە وەزیرەكانن، هێشتاش كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستەكان یەكلانەكردووەتەوە، 

بەپێی زانیاری میدیای فەرمی ئەو بزووتنەوەیە، یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێ‌ لەرێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، كە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لەو بارەوە سۆز عەبدولقادر ئەندامی ژووری حكومەت و پەرلەمانی گۆڕان دەڵێت: بەشێك لە كێشەكانی پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت بەكۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی پارتی و یەكێتی چارەسەر دەبێت، بەشەكەی تریشی ئیدارییە و پەیوەندی بەگۆڕانكارییەكانەوە هەیە لە هەیكەلی حكومەتدا.

پارتی دیموكرات، كە پێكهێنانی حكومەتی پێسپێردرا، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە پڕنەكردنەوەی پۆستەكان، كارگێرەی لقی چوار ئەو حیزبە لە سلێمانی لەو بارەوە دەڵێت: ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی تەواوكاری حكومەت.
 
بەرپرسانی یەكێتیش لەبارەی هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكان قسەی خۆیان هەیە، ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەكەناڵی KNN گۆڕانیان راگەیاندووە، كە ئەوان دەڵێن، هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكاندا رەچاو نەكراوە، دوای دوو مانگ هێشتا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران نەیتوانیوە مومارەسەی دەسەڵاتەكانی خۆی بكات، كە ئەوەش قبوڵكراو نییە.

هەروەها یەكێك لەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەئكیدی كردەوە، كە بەمزوانە لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە و لەسەر مێز ئەم پرسانە یەكلا دەكەنەوە، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

هـ ـ ح