قادر عەزیز: لەهەموو سنووری یەكێتی یەك پاسدارو سەربازگای ئێران بوونی نییە

عیراق

11/09/2019‌ 1388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قادر عەزیزی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح ئەلجەدید"ی عێراقی باس لەوە دەكات ئەگەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری بودجە و ناوچە كێشەلەسەرەكان و پێشمەرگە چارەسەر نەكرێن ئەوە هاووڵاتیانی هەرێم زەرەمەرمەند دەبن، باس لەوەش دەكات، لەهەموو سنووری یەكێتی یەك سەربازو سەربازگەی ئێران بوونی نییە .

سەبارەت بە داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و نەبوونی هەژمێرەی كۆتایی بودجەی هەرێم و ئەو هەموو قەرزەی لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا لەسەر هەرێمی كوردستان كەڵەكە بووە،  كە دەوترێت ٢٥ ملیار دۆلارە، قادر عەزیز دەڵێت: هیچ كەسێك بروا بەو هەموو قەرزە ناكات، كە لەسەر هەرێم كەڵەكە بووە لەبەر ئەوەی هێشتا كەس نازانێت سەرچاوەی ئەو قەرزە كوێیە، كە لێیكراوە و ناشزانریت پارەكە چۆن خەرج كراوە .

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی لەسەر بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل و بریاری عەبدولمەهدی بۆ كۆكردنەوەی چەك، كە تەنیا لەدەستی حكومەتی ناوەندیدا بێت ، عەزیز دەڵێت: یەكێتی دژی هەر دەستدرێژییەكی دەرەكییە بۆسەر خاكی عێراق‌و دەشیەوێت چەك تەنیا و تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت بۆ ئەوەش پشتیوانی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران دەكات بۆ ئەوەی هیچ پاساوێك بەدەست ئیسرائیلەوە نەمێڵێت لەناوخۆی عێراق هێرش بكاتە سەر بارەگاكان‌و دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراقیش وەربدات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش، كە دەوترێت یەكێتی باڵی ئێرانە لە هەرێمی كوردستان، قادر عەزیز دەڵێت: یەكێتی پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی مێژوویی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە ، بۆیە تۆماتباركردنی یەكێتی بەوەی نوێنەرایەتی سیاسەتەكانی ئێران دەكات لەناو هەرێم تۆمەتێكی بێبنەمایە، بەڵكو ئەوە زیاتر پەیوەندی بە جوگرافیا و درێژی سنووری ناوچەكانی باڵادەستی یەكێتییە لەگەڵ ئێران، جگە لەوەی ئەگەر بەهەموو ناوچەكانی ژێر باڵادەستی یەكێتیدا بگەڕێی هیچ سەربازێك، یان سەربازگەیەكی ئێرانی نابینی، بەپێچەوانەی ناوچەكانی هەولێرو بادینان، كە دەیان سەربازگەی توركیای لێیە .

لەسەر بۆردومانەكانی توركیا و هەوڵوێستی یەكێتی لەسەر شەڕی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە بەرپرسی دەزگای راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت: دەڵێت وەك باسم كرد یەكێتی دژی هەموو دەستتێوەردانێكی دەرەكییە بۆ ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان ، بۆیە بۆردومانی بەردەوام و هاتنەناوەوەی سوپای توركیا ئەگەر بەپاساوی جەنگی دژی گەریلاكانی پەكەكەش بێت، بەڵام ئەوە چاوتێبڕینەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق ناشارێتەوە جگە لە چاوتێبڕینی لە خاكی رۆژئاوای كوردستان و تەواوی خاكی سوریا، بۆیە ئەو چاوتێبڕینانەی توركیا زۆر لەبابەتی پەكەكە گەورەترن .

هەروەك قادر عەزیز پێیوایە لەم دواییە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا تاڕاددەیەك باشبوونیان بەخۆیانەوە بینیوە و یەكێتیش چاوەڕێی كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەی دەكات لە ئەنقەرە .

لەبارەی داواكاری بەردەوامی كورد بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكێشەلەسەرەكان‌و ئایا هیچ رێكەوتنێك لەو بارەیەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی كراوە قادر عەزیز دەڵێت: هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەمەریكا و حكومەتی بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، لەناویشیاندا گەرانەوەی پێشمەرگە ، لەبەر ئەوەی نەبوونی پێشمەرگە لە ناوچەكە بۆشاییەكی ئەمنی دروست كردووە، بۆیە گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆتە پێویستییەكی هەنووكەیی .

لەبارەی پەیوەندیەكانی یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران و كاراكردنەوەی رێكەوتننامەی سیاسی نێوانیان قادر عەزیز دەڵێت: هەموو ئەندامان و كادرانی یەكێتی دەیانەوێت لەكۆنگرەی داهاتوودا بریارێكی ئاشكرا و لێبراوانە لەبارەی سرووشتی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران بدرێت، كە بۆ هەمووان پابەند بێت و كەس نەتوانیت لێی لابدات، بۆ ئەوەش دەبێت هەردوولا سەرەتا پەیوەندیەیكانیان ئاسایی بكەنەوە و پابەندی خۆمان بە رێكەوتنەكەی پێشوو دووپاتبكەینەوە، یان بەرەو واژووكردنی ڕێكەوتنێكی نوێ هەنگاو بنێین ، بۆ ئەوەش دەبێت هەردوو حزب لەناو حكوومەت و پەرلەمان بەرنامە و هەماهەنگی هاوبەشیان هەبێت  بۆ كەمردنەوەی باڵادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان ،تاوەكو ئەوانیش بەشداری راستەقینەیان هەبێت لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی و ئابووری هەرێم .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی