یەکێتى لە چۆنیەتى و بەرکەوتەى دابەشکردنى پۆستەکانى هەڵەبجە ناڕازییە

کوردستان

11/09/2019‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتى لە چۆنیەتى و بەرکەوتەى دابەشکردنى پۆستەکانى هەڵەبجە ناڕازییە، پارێزگاری هەڵەبجەش ڕایدەگەیەنێت دابەشكردنی بەڕێوبەرایەتیەكان و یەكە ئیداریەكانى هەڵەبجە هاوپێچی پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنە نین.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند، یەکێتى پەشیمانە لە چۆنییەتى دابەشکردنى پۆستەکانى و بەرکەوتەى خۆى لەو پارێزگایە، لەئێستاشدا هەوڵ دەدات گۆڕانکارى لەو پڕۆسەیە بکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، کە یەکێتى تەنیا لەسەر کورسییەکانى ئەنجومەن رەزامەندى نیشانداوە نەک پۆستە حکومییەکانى تر، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت گۆڕانکارى لە پشک و بەرکەوتەى حزبەکەى بکات.
لەلایەکى تریشەوە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بەپێگەى فەرمى یەکێتی ڕاگەیاندوە، سەرجەم ناوی كاندیدەكانی ئەنجومەنی پارێزگا نێراون بۆ وەزارەتی ناوخۆ و هیچ لایەنێك گرفتی نەبووە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، یەكێتی هێزێكی گەورەی پارێزگای هەڵەبجەیە و دەنگی یەكەمی پارێزگاكەیە پێیان ڕاگەیاندوون ئەوان دابەشكردنی بەڕێوبەرایەتیەكان و دابەشكردنی پۆستی قائیمقام و ناحیەكان نابەستنەوە بە پێكهینانی ئەنجومەنەكەوە و ئەوان تەنها واژۆیان بۆ ئەنجومەنەكردووە.
هەروەها پارێزگارى هەڵەبجە ئەوەشى خستەڕوو، کە ڕوونكردنەوەكانی یەكێتی نشتیمانی كوردستانمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە .

س.هـ