تاوانێكی قێزەون.. دایكێك منداڵەكەی دەخاتە ناو كیسێكەوە بەجێی دەهێڵێت

هەمەڕەنگ

12/09/2019‌ 2498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەرووداوێكی كاریگەر و شۆكهێنەردا، كە بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پێگە كۆمەڵایەتییەكانی روسیا بڵاوبووەتەوە، پارچە ڤیدیۆیەكە دەریدەخات چۆن دایكێك دەستبەرداری منداڵە تازە لەدایكبووەكەی دەبێت و دەیخاتە ناو كیسێكی پلاستیكی و دواتر لەناوچەیەكی چۆڵەوانی بەجێیدەهێڵێت.

لەپارچە ڤیدیۆكە، كە پەڕەی "لیژنەی لێكۆڵینەوەكانی روسیا" بڵاویكردەوە دەردەكەوێت ئافرەتێك منداڵێكی شیرەخۆرەی لەناو كیسێكی پلاستیكی بەدەستەوەیە و لەناوچەیەكی چۆڵی پشت ناوەندێكی بازرگانی بەجێیدەهێڵێت .

سەرچاوە رۆژنامەوانییە روسییەكان دەڵێن: ژنەكە تەمەنی ٣٦ ساڵە و كەمێك پێش ئەوەی منداڵە ساواكە جێبهێڵێت،  لەدارستانێكی نزیك ناوچەكە بوویەتی.

ڤیدیۆ بەسوێكە ئەو ساتە پیشان دەدات، كە چۆن دایكەكە ماوەیەك بەرانبەری دەوەستێت تا بیر لەكارەكەی بكاتەوە، بەڵام دواتر بەتەنیا بەجێیدەهێڵێت.

كاتێك منداڵەكە دۆزراوەتەوە پلەی گەرمی جەستەی زۆر دابەزیوە، بۆیە بەخێرایی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەروەها پۆلیس جەخت دەكاتەوە، كە دایكەكە دۆزراوەتەوە و لە ماڵەكەی خۆی دەستبەسەرە و هێشتاش لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵی هەر بەردەوامە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی