لەهەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا.. لە روسیا دەرمانی دژە ئایدز دۆزرایەوە

جیهان

12/09/2019‌ 1158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵێك پسپۆڕی سەر بە چەند وڵاتێكی جیاواز، لە وڵاتی ڕوسیا چارەسەرێكی گەورەیان دۆزییەوە، كە دەتوانێت چارەسەری ملیۆنەها نەخۆشی سەر زەوی بكات.

پسپۆڕەكان، كە لە ڕوسی و بەریتانی و سویسری و ئەمریكی و فینلەندی پێكهاتوون، لە كاتی كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤایرۆسێك، كە بەرگری مرۆڤ كەم دەكاتەوە، لە ڕێی چەند پێكهاتەیەكی كیمیاییەوە چارەسەرێكی زۆر گەورەتریان دۆزییەوە.

پسپۆڕ لە زانستە كیمیاییەكاندا، ئۆلیگ ڕاكیتین وتی: لە سەرەتاوە ڕێچكەی لێكۆڵینەوەكەمان دیار بوو، تێكەڵكردنی چەند پێكهاتەیەكی كیمیایی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، بەڵام بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو لە كاتی تایكردنەوەی پێكهاتەكان بۆمان دەركەوت، كە ئەم پێكهاتانە دەتوانن ببن بە چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی ئایدز.

هەروەها ڕاكیتین وتی: گرنگترین دەستكەوتی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە، بۆمان دەركەوت، كە دەتوانین ئەم پێكهاتانە بۆ چەندەها نەخۆشی جیاواز بەكاربهێنین، لەوانە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و ئایدز.

ڤایرۆسی ئایدز، كە توشی كەسێك دەبێت، وای لێ دەكات هیچ بەرگری نامێنێت و بە هۆیەوە توشی چەندەها نەخۆشی گەورەی وەك شێرپەنجە دەبێت و وا لە خاوەنەكەی دەكات بۆ ماوەیەكی كەم بژی.

بە پێی ئامارەكانی ساڵی 2018، زیاتر لە 37 ملیۆن مرۆڤ تووشی ئایدز بوون، تا ئێستا 23 ملیۆن كەس لەوانە بە دەرزی كیمیایی چارەسەر كراون لە ئێستادا ڕێژەی توشبوون بەڤایرۆسی ئایدز زۆر كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بە ساڵانی نەوەدەكان.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ