بەغدا بۆ پرۆسەی سەرژمێری گوێ‌ لەداواكارییەكانی هەرێم دەگرێت

عیراق

19/09/2019‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خالید شوانی وەزیری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە داواكارییەكانیان لەبارەی سەرژمێری دانیشتوان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی عێراق‌و ئەوانیش گوێیان لەداواكارییەكان كردووە.

قسەكانی خالید شوانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات، كە دارا رەشید وەزیری پلاندانی هەرێم‌و مەهدی عەلاف ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشداربوون تێدا.

كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە دوای كۆبوونەوەیەكی شاندێكی بەغدا بەسەرۆكایەتی مەهدی عەلاف بوو، كە خالید شوانی ئەوەشی راگەیاند، ئەوان نایانەوێت سەرژمێری زیان بەهەرێمی كوردستان بگەیەنێت، بەتایبەتی لەناوچە دابڕێنراوەكان.

هەروەها رایگەیاند، لەبەرانبەردا لایەنی بەغدا دڵنیایی داوەو هاوكات لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە مەهدی عەلاف رایگەیاند، كە ئەوان دەیانەوێت بەشێوەیەكی زانستی پرۆسەی سەرژمێری بەرێوەبەرن‌و هەموو كارەكانی بەشێوەی ئەلیكترۆنی‌و زانستی ئەنجامدەدرێت.

هاوكات دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، كە دەبێت پرۆسەی سەرژمێری پرۆسەیەكی گشتگیر بێت‌و نەبێتە هۆی زیان بۆ هیچ لایەنێك.

بڕیارە ساڵی داهاتوو پرۆسەی سەرژمێری لەسەرانسەری عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ئەو پرۆسەیە پێویستی بەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا هەیەو لەو بارەشەوە ئێستا دەست كراوە بەگفتوگۆ.

هـ ـ ح