بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی دڵشاد عومەر جێبەجێنەكراوە

کوردستان

21/09/2019‌ 2279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە بڕیاری دوورخستنەوەی دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەفەرمی دەرچوو، بڵاوكرایەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەكراوە.

بڕیارەكە لەلایەن پشتوان سادق وەزیری پێشووی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركراوە، ئەوەش لەسەر نووسراوێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە بەرواری 20/6/2019.

لەسەر بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی، پشتیوان سادق وەزیری پێشووی پەروەردەی هەرێم لە 9/7/2019 نووسراوی دوورخستنەوەی دڵشاد عومەری دەركرد، كە بەپێی بڕیارەكە دڵشاد عومەر لەپۆستی بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی خراوەو جێگرەكەی بەوەكالەت پۆستەكەی بەرێوەدەبات.

هەر بەپێی بڕیارەكە، دڵشاد عومەر وەك بەرێوەبەری گشتی دەمێنێـتەوە، بەڵام راژەكەی دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە، بەڵام ناوبراو تائێستا لەپۆستەكەی ماوەتەوە.

بەو پێیەی ئەمڕۆ شەممە 21/9/2019 دڵشاد عومەر وەك بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەشداری لەپرۆسەی كردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن كردو وتارێكیشی بەو بۆنەیەوە پێشكەش كرد.

بەپێی زانیارییەكان، قوباد تاڵەبانی بەهۆی ئەوەی دڵشاد عومەر پابەند نەبووە بەدانانی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی دەربەندیخان‌و مامەڵەی لەگەڵ نەكردووە لەپۆستەكەی بەخشیوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، دڵشاد عومەریش بەبیانووی ئەوەی بەرێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە بڕیاری حیزبی دانراوە، بۆیە ئامادە نەبووە دەستبەكاربوونی بۆ بكات‌و وەك بەرێوەبەری پەروەردە بیناسێنێت.

كاتی بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە كاردانەوەی گەورە دروست بوو، بەو پێیەی دڵشاد عومەر لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووەو وا باسكرا، كە بڕیارەكە سیاسییە، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی وتەبێژەكەی رەتیكردەوە، بڕیاری لابردنی دڵشاد عومەر بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی سیاسی بێت.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوكات رایگەیاند، سەبارەت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەخشینی دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و گواستنەوەی ڕاژەكەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە بەھەمان پلەی وەزیفی خۆی وەك بەڕێوەبەری گشتی، ئەم بڕیارەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێكارێكی ئیدارییە تایبەت بەگواستنەوەی ڕاژە و بە ھیچ شێوەیەك گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیدارییەوە، كە لە یاسا بەركارەكاندا ئاماژەیان پێدراوە. بۆیە بە ھیچ شێوەیەكیش ئەم بڕیارە سیاسی نییە.

هەروەها رایگەیاندبوو، كە بەپێی ھەردوو بڕگەی٢ و ٣ لە ماددەی ١٢ لە یاسای پارێزگاكانی ھەرێم ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، دانانی بەرێوبەری گشتی و لەسەر كارلادانی دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە نەك گواستنەوەی ڕاژەی بەڕێوەبەری گشتی، كە ڕێكارێكی ئیدارییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیە.

باسی لەوەش كردبوو، كە سەبارەت بەبڕگەی ٢ ی فەرمانەكەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ھەڵسانی بەڕێز مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین، كە خۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتییە بە ڕاییكردنی كارەكانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە وەكالەت، مانای دامەزراندنی ناوبراو نییە بە بەڕێوەبەری گشتی بەڵكو دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان بەڕێوەبەرێكی گشتی نوێ دابنرێت‌و دڵشاد عومەر لە پلە وەزیفییەكەی كە بەڕێوبەری گشتی نەبەخشراوەو ھەمان پلەی دەبێت لە دیوانی وەزارەتی پەروەردەو دادگاكانی كارگێڕی لە ھەرێمی كوردستان لایەنی پەیوەندیدارن بۆ تانەدان لە بڕیار و فەرمانە كارگێڕییەكان.

هــ ـ ح