شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی لەبارەی هۆكاری رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە بۆ رێگری لەچوونی بۆ هەولێر چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی حكومەت دەكات.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەبازگەی نازەنین لەسەر رێگەی سماقۆڵی رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرا بچێتە هەولێر، كە ئەوە كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە.
لەدوای رووداوەكە، وەزارەتی ناوخۆ روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، رێگرییەكە بەرنامە بۆ دارێژراو نەبووەو لەبارەی هۆكارەكەشی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەئێستادا یەكێتی چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەی رۆژی هەینی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی ئەو پرسە كراوەو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی باسیان لەوە كردووە، كە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی ئەو لیژنەیە بكەن.
لەدوای كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی ئەو حیزبە باسی لەوەكرد، دەربارەی بەدۆخی ھەرێمی كوردستان قسەوباسی جدی كراو تەئكیدكرایەوە لەسەر ئەوەی دەزگاكانی حكومەتی ھەرێم پێویستە بەوریاییەوە، مەسئولیەتی خۆیان لەپاراستنی ئەمن و ئاسایش جێبەجێبكەن.
هـ ـ ح
