توركیاو داعش.. ئەو پەیوەندییەی نەوت‌و دیلەكان ئاشكرایان كرد

جیهان

09/10/2019‌ 3522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
چیتر پەیوەندی نێوان توركیا و داعش شاراوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئاشكرابوونی هەموو ئەو پشتیوانییەی توركیا بۆ ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كەچی ئەمەریكا بڕیاریداوە دیلە داعشەكانی، كە لای هێزەكانی سوریای دیموكرات بەندكراون رادەستی توركیا بكات.

بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی كۆشكی سپی بەوەی واشنتۆن پشتیوانی پرۆسە سەربازییەكەی توركیا لە باكووری سوریا ناكات، كە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترامپ و ئەردۆغان هاتە بەر باس.

گۆرانكارییە یەكبەدوای یەكەكان پرسیارێك دێتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە، كە چی شتێك وادەكات ئەو هێزەی پشتیوانی بۆ داعش دەستەبەر دەكرد و بوونیانی دەقۆستەوە، ئێستا ببێتە دەرگەوانی زیندانەكانیان .

لەو بارەیەوە خورشید دلی شارەزای كاروباری توركیا بە كەناڵی سكای نیوز عەرەبی دەڵێت: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەلێك لێكۆڵینەوە و راپۆرتی نێودەوڵەتی دەرچوون و سەدان گەواهیان لەسەر پەیوەندی نێوان ڕێكخراوی داعش و ئەنقەرە پێشكەش كردووە.

دلی ئاماژەی بە شارۆچكەی باغۆزی دوا مۆڵگەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كردووە لەرۆژهەڵاتی سوریا، كە شەڕڤانانی كورد سەدان چەكداری داعشیان لێدەستگیر كرد، كە بەشێك لەوان هەڵگری پاسپۆرتی توركیا بوون و مۆری ئەنقەرەیان لەسەر بووە.

پەیوەندی گوماناوی توركیا و رێكخراوی داعش لە بابەتی بازرگانی نەوتیشدا پەردەی لەسەر هەڵماڵراوە، كە لەڕێگای بەقاچاخبردنی نەوتەوە وەك یەك خزمەتی بەرژەوەندی هەروولای كردووە، لەلایەك توركیا بەو پارەیە پشتیوانی دارایی داعشی كردووە بۆ بەردەوامبوونی لەوێرانكردنی ناوچەكە، لەلایەكی ترەوە گیرفانی رژێمی توركی بەو بازرگانییە پر دەكرد.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، كە لەو پرسەدا جگە لەئۆپۆزیسیۆنی توركی هیچ لایەنێكی تر لێپرسینەوەی لە ئەردۆغان نەكرد، كە لەوبارەیەوە جەواد گۆك نووسەر و توێژەری سیاسی پێشنیازێكی ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری ئاشكراكردووە بۆ دادگاییكردنی هەموو ئەو بەرپرسانەی لەپەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی داعش تێوەگلاون .

هەر لەوچوارچێوەیەدا پرسیارێكی گرنگ سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە، كە بۆچی  ئەمریكا لەسەر ئەو تۆمەتانە بێدەنگ بووە و بۆ راگرتنی ئەو پەیوەندییە دەستتێوەردانی نەكردووە، لەكاتێكدا واشنتۆن هاوپەیمانییەتێكی نێودەوڵەتی درووست كردووە، كە ئامانجی سەرەكی لێی لەناوبردنی داعش و بڕینی سەرچاوەكانی پارەداركردنی ڕێكخراوەكە بوو .

هاوكات تیۆدۆر كاراسیك راوێژكاری ناوەندی سیاستەكانی كەنداو لە واشنتۆن لەشرۆڤەی بابەتەكەدا دەڵێت: لەتوركیا گەلێك ڕێگایەك هەیە بۆ بەقاچاخبردنی نەوت و شمەكەكان، كە یەكێك لە ئامانجەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدواكەوتنی ئەو ڕێگایانە بوو.

كاراسیك وایدەبینێت بۆ واشنتۆن قورس بووە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كاروانانە لەناو خاكی توركیا بكات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی زۆر جار دڵنیا نەبووە لەوەی چی دەگوازرێتەوە، لەبەر ئەوە واشنتۆن دوودڵ بوو لە بەدواكەوتنی ئەو حاویە بازرگانیانە.

ئەو راپۆرتانەی باس لە پەیوەندی گوماناوی نێوان داعش و توركیا دەكەن هەر بەو بەڵگانەی پێشووتر نەوەستاون، بەڵكو زۆر لەوە دوورتر رۆیشتوون و تەنانەت باس لەوە دەكەن كە داعش پارێزگاری لە نوێنەرایەتی خۆی لەناو توركیا كردووە كە یارمەتی رێكخراوەكەی داوە  بەردەوام بێت لە پێشوازیكردنی لە چەكدارانی بیانی و ئاسانكاریكردن بۆ هاتنیان بۆ ناوچە سنوورییەكانی سوریا.

لەئەمرۆدا پەرەكانی پەیوەندی و هاوكاری نێوان توركیا و داعش گەیشتۆتە وەرزێكی نوێ ، بەجۆرێك ئێستا توركیا بە پیرۆزبایی ئەمەریكا بەرپەرس دەبێت لە دیلە داعشەكان ، تەنانەت ئەگەر بریاری رادەستكردنی دەستگیركراوەكانی داعش بە توركیا لەدوای بڕیاری هەریەك لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی تری ئەوروپا بێت بەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە چەكدارانی داعش وەربگرنەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی