دواین هەڵوێستی توركیا لەبارەی هێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

09/10/2019‌ 6488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا بەرەبەیانی ئەمرۆ چوار شەممە رایگەیاند، دوای تەواوكردنی ئامادەكارییە سەربازییەكان جەنگی رۆژهەڵاتی فورات "زۆر نزیكە و لەبەر دەرگایە"، ئەوەش لەدوای هۆشدارییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا دێت بەوەی ئەنقەرە هەنگاوێكی لەو جۆرە نەنێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی توركیا فەخرەددین ئاڵوتن لەتویتێكدا رایگەیاند، سوپای توركیا و سوپای ئازادی سوریا پاش كەمێكی تر سنووری سوریا دەبەزێنن.

ئاڵتوون راشیگەیاند، دەبێت جەنگاورە كوردەكانی ئەوێ لایەنگری خۆیان بگۆڕن ئەگینا سوپای توركیا ناچار دەبێت ڕێگریان لێبكات لەوەی ئاستەنگ بۆ هەوڵەكانی توركیا بۆ رووبەڕووبووونەوەی چەكدارانی داعش درووست نەكەن .

رۆژی سێشەممەش توركیا رایگەیاند، هەموو ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا جەختیكردەوە، كە ئەوان دەستبەرداری شەڕڤانە كوردەكان نابن .

هەر لەو چاورچێوەیدا سوپای توركیا بەردەوامە لە ناردنی زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی بۆسەر سنووری رۆژئاوای كوردستان ، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس كاروانێكی جەنگی لەنزیك شارۆچكەی ئەقچە قەڵعە لە ویلایەتی ئورفە بینراون .

لای خۆیشییەوە ، بەریتانیا هۆشداریدا بە توركیا بەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تاكلایەنە نەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان دوای ئەوەی وڵاتە یەكگرتوەكان سەربازەكانی لەسەر سنووری توركیا كێشایەوە.

هەروەك چۆن لیندسی گراهام سیناتۆری دیموكراتەكان، كە كەسێكی نزیكی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكایە ، هۆشداریدایە توركیا بەوەی ئەنقەرە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەكراوە بۆئەوەی بچێتە رۆژئاوای كوردستان.

گراهام لە تویتێكدا وتی: ئەگەر دەتانەوێت ئەو پەیوەندییە فشۆڵەی ماوەی لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكان ، ئەوە داگیركردنی باكووری سوریا ئەو ئەركە جێبەجێ دەكات.

هەروەك ژمارەیەك ڕێبەری ئەوروپایی لە لۆكسمبۆرگ نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی كردەوەیەكی لەو جۆرەی توركیا دەبێتە هۆی درووستبوونی شەپۆلێكی نوێی كۆحچبەران لە سوریاوە بەرەو ئەوروپا .

لە دەقێكی هاوبەشیشدا بۆ وەزیرانی ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا ، دەسەڵاتدارانی یۆنان و قوبرس و بولگاریا داوایان كرد تیشك بخرێتە سەر بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لە ڕێگای رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراستەوە روو لە ئەوروپا دەكەن.

توركیا داوا دەكات ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی ٣٢ كیلۆمەتر لەناو خاكی رۆژئاوای كوردستان دوروست بكرێت ، بۆئەوەی نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی سوریایی نیشتەجێی وڵاتەكەی لەو ناوچەیە نیشتەجی بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی