ڕێكەوتنی نوێی ئەدەنە.. لەسەر مێزی دانوستانی پۆتین و ئەردۆغان دەبێت

جیهان

22/10/2019‌ 1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مۆسكۆ بڕیاریداوە كۆپییەكی نوێی ڕێكەوتننامەی ئەدەنە لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق بخاتە سەر مێزی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەسوچی، بەجۆرێك ببێتە جێگرەوەی لەیەكتێگەیشتنەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا لەسەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا.

لەلوتكەی چاوەڕوانكراوی روسی – توركی دا ، مۆسكۆ زیاتر سەرنجی لەسەر سێ دۆسیەی سەرەكییە، كە بریتییە لە بەهێزكردنی هەماهەنگی ئەمنی سەربازی بۆ ڕێگریكردن لەدەربازبوونی هەزاران دەستگیركراوی رێكخراوی داعش لەرۆژئاوای كوردستان و میكانیزمی گفتوگۆی سیاسی راستەوخۆ لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق و خێراكردنی پرۆسەی سەربازی توركیا بەئامانجی كاریگەری نەبوون لەسەر كارەكانی لیژنەی دەستووری سوریا.

رۆژی دوو شەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بەدڵنیایی پێویستمان بە گفتوگۆیە ، ئامادەین رۆڵی پشتیوان بگێرێن بۆ هاندانی ئەو جۆرە  پەیوەندییە راستەوخۆیە، زۆر روونە دەبێت گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق پشت بەڕێكەوتنی ئەدەنەی ساڵی ١٩٩٨ ببەستێت، مۆسكۆش ئامادەیە دەستكاری لە ڕێكەوتنەكەدا بكات ئەگەر هەردوولا خواستی ئەوەیان هەبێت.

ڕێكەوتننامەی ئەدەنە لەساڵی ١٩٩٨ لەنێوان توركیا و سوریا واژووكراوە، كە بەپێی ئەوە رێگە بە توركیا دەدرێت بەقووڵایی ٥ كیلۆمەتر بێتە ناو خاكی سوریا ، لەكاتێكدا ئێستا توركیا داوای ناوچەیەكی ئارام لەناو خاكی سوریا دەكات بە قووڵایی ٣٢ كیلۆمەتر دەكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی