ململانێی نوێ لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی روسیا دەكات

جیهان

23/10/2019‌ 1525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (فزغلیاد) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی ناڕەزایەتییەكانی شەقامی لوبنانی شكستهێنانی دەستەبژێرەكان و نەبوونی كاریگەری لەسەر هێزە كۆمەڵایەتییەكان.

بەپێی راپۆرتەكەی ئاژاننسی (تاس) رۆژی یەك شەممە لە كەناڵی مەیادینی گواستووەتەوە، كە حكومەتی لوبنانی نیازی ئەوەی هەیە موچەی وەزیرەكان و ئەندامانی پەرلەمان بە رێژەی 50% كەم بكاتەوە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی خەڵكی ئەو وڵاتە، كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكەن.

لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی ئێستا لە سوریا روو دەدەن، خۆپیشاندانەكانی لوبنان بووەتە جێگای سەرەنجی یاریچییە نێودەوڵەتییەكان.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (یفگینی ساتانوفسكی) دەڵێت: روونە كێ كاریگەری لەسەر دۆخی لوبنان هەیە، ئەوانیش ئێران و سعودیەن، هەرچی فەرەنساو ئەمریكایە رۆڵی لاوەكییان هەیە، پێش ئەوە سوریا و ئیسرائیل كاریگەرییان هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئەوان رێگە بەم دەستێوەردانە ناكات.

بەڵام ساتانوفسكی پێی وایە پرسی كاریگەرییەكانی دەرەوە پەیوەندی بە گرژیەكانی ئیستاوە نییە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەستەبژێری ناوخۆیی شكستیان هێناوە لە هەموو بوارەكان و سەری كێشاوە بۆ هەرەس هێنانی ئابوری ئەو وڵاتە، دەستەبژێرەكان ناتوانن رێككەوتن لەنێوان خۆیان لەسەر هیچ شتێك بكەن، ئەوانەشی تا ئێستا دیارن ناتوانن بگەنە هیچ چارەسەرێك.

لە هەمان كاتدا، بەگوێرەی قسەی ساتانوفسكی، لوبنان ولاتێكی لاوازە، دەكرێت لە نێو لیستی ئەو ولاتانە پۆلین بكرێت، كە شكستیان هێناوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: زۆر دەوڵەتی تری لەو جۆرەش هەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەلام كاریگەرییان زۆر زیاترە لەلوبنان، واتە ئەگەر ولاتێك بالوێزخانەو ئاڵاو نێردەی دیبلۆماسی  و شوێنێكی لە نەتەوە  یەكگرتوەكان هەبێت، واتای ئەوە ناگەیەنێت ولاتێكی سەقامگیرە.

بەگوێرەی قسەی ناوبراو، لەئەمرۆدا كەس ناتوانێت لوبنان داگیربكات، سورییەكان بەخۆیانەوە سەرقاڵن، ئیسرائیلییەكان چەندین جار كەوتوونەتە ئەو چاڵەوە، بۆیە بەیەكجاری وازی لێهێناون، هەرچی روسیاشە، هیچ بەرژەوەندی و سودێكی لەو وڵاتە نییە تا خەمی لێبخوات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا