یاریدەدەرەكەی رۆڵی لەكوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی هەبوو

جیهان

28/10/2019‌ 3759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقی، تیمی هەواڵگری عێراقی لە شوباتی ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی یەكێك لە یاریدەدەرەكانی ئەبوبەكر بەغدادییەوە زانیاری گرنگیان دەستكەوتووە لەسەر چۆنێتی خۆدەربازكرنی بەغدادی لە لەوەی بكەوێتە داوەوە و دەستگیر بكرێت .

ئیسماعیل عیساوی دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستگیردەكرێت و رادەستی عێراق دەكرێتەوە ئاشكرایكردووە، بەغدادی بۆ ئەوەی مەترسی دەستگیركردن لەخۆی دووربخاتەوە، زۆرجار گفتوگۆ گرنگ و ستراتیژییەكانی لەگەڵ فەرماندەكانی لەناو ئۆتۆبووسی بچووكی پڕ لەسەوزە بەڕێوە دەبات .

هاوكات یەكێك لەو بەرپرسە عێراقیانە ئاشكرایكردووە، كە عیساوی زانیاری زۆر گرنگی داوەتە تیمی ئاژانسە ئەمنییە جۆراوجۆرەكان بۆ ئەوەی ئەو تاڵە بزربووەی جوڵەكانی بەغدادی‌و شوێنی خۆحەشاردانی ئاشكرابكرێت.

ئەو بەرپرسە عێراقییە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، عیساوی ناوی پێنج كەسی پێوتین لەناو سوریا چاویان بە بەغدادی كەوتووە، لەگەڵ ئەو چێگایانەی خۆیان لێحەشارداوە.

بەرپرسانی هەواڵگری عێراقی دەڵێن عیساوی یەكێك بووە لەو پێنج یاریدەدەرەی بەغدادی ، كە لەساڵی ٢٠٠٦ وە چۆتە ناو رێكخراوی قاعیدە و لەساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن هێزە ئەمەریكییەكانەوە بۆ ماوەی ٤ ساڵ دەستگیر كراوە .

دواتر بەغدادی رۆڵی گرنگی وەك پێشكەشكردنی ڕێنمایی ئاینی و هەڵبژاردنی فەرماندەكانی داعشی بە عیساوی سپاردووە، دوای هەرەسهێنانی گەورەی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ عیساوی لەگەڵ هاوسەرەكەی رایانكردووە بۆ سوریا .

سەبارەت بە چۆنێتی دەستگیركردنی عیساویش ، ئەو دوو بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە باسیان لەوە كردووە، كە لەمساڵدا لە پرۆسەیەكی هاوبەشی هێزە عێراقی و ئەمەریكییەكاندا توانراوە چەندین فەرماندەی داعش دەستگیر بكرین ، لەوانە چوار عێراقی و سورییەك.

یەكێك لەو بەرپرسە ئەمنیانە، كە پەیوەندی بەهێزی بە دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەكانەوە هەیە دەڵێت: ئەوانە زانیاری زۆر گرنگیان پێشكەش كردین لەسەر ئەو پێگانەی بەغدادی لە سوریا تێیدا كۆدەبێتەوە ، لەبەر ئەوە بڕیارماندا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی سیخوڕی زیاتر لەو ناوچەیە بڵاوبكەینەوە.

ئەو دەشڵێت: لەساڵی ٢٠١٩ توانیمان ئیدلب وەك پێگەی خۆحەشاردانی بەغدادی دیاری بكەین، كە لەو هەرێمە لە گوندێكەوە بۆ گوندێكی تر لەگەڵ خێزانەكەی و یاریدەرە نزیكەكانی دەیگوازێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، هەواڵدەرەكان لەناو سوریا باسیان لەوە كردووە تێبینی پیاوێكیان كردووە لە یەكێك لە بازارەكانی ئیدلب جامانەیەكی  رەنگاورەنگ دەپۆشێت و لەڕێگای وێنەوە ناسیویانەتەوە، كە ئەو كەسە عیساوییە ، بەو جۆرە سیخورەكان بەرەو ئەو ماڵە رۆیشتوون، كە بەغدادی تێیدا نیشتەجێ دەبێت .

بەرپرسە عێراقییەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە ئەو زانیارییانەمان بۆ ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكا گواستەوە و ئەوانیش بۆ ماوەی پێنج مانگی رابردوودا لەڕێگای مانگی دەستكرد و فرۆكەی بیفرۆكەوانەوە چاودێری ئەو پێگەیەیان كردووە.

دوو رۆژ پێشتر بەغدادی لەگەڵ خێزانەكەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت و بە ئۆتۆمبیلێكی بچووك بۆ گوندێكی نزیكی گواستەوە، كە رەنگە بەغدادی گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی لەدوای لەناوچوونی داعش لە عێراق و سوریا، ئیدلب باشترین ئومێد بێت بۆ ئەو تا نەدۆزریتەوە ، چونكە پێیوابووە بەهۆی بێسەروبەرەیی ئەمنی و بوونی ئەو خاڵانەی پشكنین، كە كەمجار هەیە ئۆتۆمبیلەكان بپشكنن دەرفەتی رزگاربوونی زیاتر دەكەن .

بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، نزیكەی شەش مانگ دەبێت بەغدادی لە ئیدلبە و هۆكاری سەرەكی ئەوەش بریتی بووە لە خۆحەشاردان ، هەروەك دەڵێت: مانەوەی بەغدادی بەزیندوویی خۆی لەخۆیدا مایەی مەترسی بوو.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی