وردەكاری نوێی كوشتنی بەغدادی.. لەكاتی خۆتەقاندنەوەیدا سەری لەلاشەی جیابووەتەوە

جیهان

04/11/2019‌ 3737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی خەڵكێكی زۆر دەیانەویست وردەكاری كوشتنی رێبەری داعش بزانن، ئەو كەسەی بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە بووە هۆی ترس و تۆقاندی ملیۆنان كەس. 

یەكەم ڤیدیۆی پرۆسەكەش، كە لە گوندی باریشا لە ناوچەی ئیدلب لەباكووری رۆژئاوای سوریا روویدا لەلایەن رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانییەوە بڵاوكرایەوە، كە لەماڵێكەوە گیراوە، كە نازناوەكەی "ئەبو مستەفا" بووە و ماڵەكەی نزیكەی ٣٠٠ مەتر لەشوێنی رووداوەكە نزیك بووەو لەكاتی پرۆسەكەدا بە مۆبایلەكەی وێنەی گرتووە، لەكاتێكدا ئەو كەسە نەیزانیوە ئەوەی روودەدات پرۆسەی لەناوبردنی ترسناكترین تیرۆریستی جیهانە، بۆیە ئەوەی ئەو كەسە بۆ رۆژنامەكەی گێراوەتەوە بووەتە هۆی ئامادەكردنی راپۆرتێكی گەورە، كە وردەكاری زۆری تێدایە، بەتایبەت ڤیدیۆكە بەهۆی ئەوەی ئەو ڤیدیۆیەی پنتاگۆن خستوویەتییە بەردەست بێدەنگە .

وردەكاری پرۆسەكە بەجۆرێك بووە مانگێك پێش پرۆسەكە هێزێكی ٣٠ كەسی سەر بە هێزی (دەلتا)ی ئەمەریكی و ٦٠ سەربازی تری ئەركە تایبەتەكان لەبنكەیەكی سەربازی ئەمەریكی لەدەرەوەی شاری هەولێر دەستیان بەراهێنان كردووە بەشێوەیەك شوێنی راهینانەكە تاراددەیەكی زۆر لەو جێگایە چووە، كە بەغدادی خۆی تێدا حەشارداوە، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەواڵدەرەكە پێیداون و هاوڕێیەتی بەغدادی كردووە، دوای ئەوەی كەسی هەواڵدەر هەواڵی ئەوە دەگەیەنێت كە بەغدادی دەیەوێت لە گوندی باریشاوە بەرەو شارۆچكەی جەرابلووس بروات كە ١٨٠ كیلۆمەتر لە شوێنەكەی یەكەمجارییەوە دوورە ، پنتاگۆن دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا ئاگادار دەكاتەوە كە بەغدادی لەژێر دەستماندایە و داوای لێدەكەن واژۆ لەسەر پرۆسەی (كیڵا مۆلەر) بكات بۆ لەناو بردنی بەغدادی .

دوای ئەوەی ترامپ بەخێرایی واژوو لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە دەكات، دەستبەجێ هەشت هیلیكۆپتەر لە بنكە ئاسمانییەكەی هەولێر و بنكەی ئاسمانی "ئەسەد" لە عێراقەوە هەڵدەستن، كە ئەوانیش لەڕێگای فرۆكەی ئاپاچییەوە پشتیوانی دەكرێن، ئەوە سەرباری ٦ فرۆكەی بێفرۆكەوانی جەنگی و فرۆكەیەكی جەنگی تر كە ئەوان لە كوێتەوە هەڵدەستن، هەروەك ٥ كەشتی سەربازی، كە بە مووشەك تەیار كراون لە ئاوەكانی كەنداو دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆیە نیوەشەوی شەممە فرۆكەكان دوای فرینی ٧٠ خولەك دەگەنە سەر ئەو ماڵەی بەغدادی خۆی تێدا حەشارداوە.

لەكاتی گەیشتنی هێلیكۆپتەرەكان ژمارەیەك چەكداری داعش لەئۆتۆمبیلێكی دەرەوەی ماڵەكەی بەغدادی هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانن چی دەگوزەرێت، بۆیە بەخێرایی لەلایەن فرۆكەكانەوە دەسترێژیان لێكراو لەناوبران، هەرچی هێزی دەلتا و هیزەكەی ترە دوای شكاندنی دیواری ماڵەكە لەڕێگای وەرگێرەوە داوایان لەوانە كرد، كە چەكدار نین خۆیان بەدەستەوە بدەن، بۆیە دوو پیاو و ١١ منداڵ بەدەم بانگەوازەكەوە هاتن و خۆیان بەدەستەوەدا .

بەگوێرەی رۆژنامەی تایمز ، لەراستیدا شەرەكەی ئۆپەراسیۆنی كایلا مۆلەر لەگەڵ پێنج چەكداری داعش بووە، كە پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لەخۆیان بەستبوو، لەناویاندا ٤ ئافرەت هەبوون، كە خێزان و كەسە نزیكەكانی بەغدادی بوون و هەموویان لەبەردەم دەرگا كوژراون .

هەرچی ئەبوبەكر بەغدادییە، ئەویش پشتێنی بۆمبڕێژكراوی لەخۆی بەستووەو سەگێكی بەلجیكی بە ناوی Conan بەشوێنیدا رۆیشتووە تا لە تونێلێكی بێ دەرچە لەگەڵ دوو لەمنداڵەكانی دۆدۆزێتەوە، كە وەك قەڵغانێكی مرۆیی بۆ پراستنی خۆی بەكاریهێناون، بۆیەكاتێك بەغدادی هەستیكردووە هیچ رێگە چارەیەكی نییە خۆی تەقاندووەتەوە و هەردوو منداڵەكەی، كە تەمەنیان ١٢ ساڵ بووە لەگەڵ خۆی كوشتوونی .

لەدوای خۆتەقاندنەوەی بەغدادی سەربازە كۆماندۆسەكانی ئەمەریكا لێی نزیك دەبنەوە و دەبینن، كە سەری لە جەستەی جیابووەتەوە و بەشەكانی تری لاشەی پارچە پارچە بووە، بۆیە هێزەكە هەرچی لە ماڵەكە بۆ لێكۆڵینەوە و كاری هەواڵگری بەسوودە لەگەڵ خۆیانی دەگوازنەوە، جگە لە دوو دەستگیركراو، كە ناوی  محەمەد بوو لەگەڵ كورەكەی، هەرچی كەسی هەواڵدەرە، كە لە ماڵەكەی بەغدادی بوو ئەویش لەگەڵ خۆیان دەهێنن .

بەپێی زانیارییەكان كەسی هەواڵدەر دوای ئەوەی كەسێكی خێزانەكەی لەلایەن بەغدادییەوە دەكوژێت بۆ تۆڵەكردنەوە خۆی لێنزیك دەكاتەوە و دڵسۆزی خۆی بۆ دەسەڵمێنێت، لەهەمان كاتیشدا زانیاری بە ئەمەریكییەكان دەدات بۆ ئەوەی پرۆسەی لەناوبردنەكەی ئاسان بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی