رەتكردنەوەی هەژموونی ئێران لەعێراق‌و لوبنان

جیهان

07/11/2019‌ 856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران بەوردی چاودێری ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و لوبنان دەكات، نەك هەر لەبەر ئەوەی دروشمی خۆپێشاندەران دژ بەهەژموونی خۆی بوون لەو دوو دەوڵەتدا، بەڵكو لەبەر ئەوەیە خۆپیشاندانەكان هاوكاتن لەگەڵ فشاری هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، كە یەخەی تارانیان گرتووە سەبارەت بە كەمكردنەوەی وابەستەبوونی بە بڕگەكانی ڕێككەوتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی.

كاتێكی ناوەخت
تاران بە هەستیاریی و وریاییەوە هەڵوێستی بەرانبەر ئەو دوو ڕووداوە دەربڕی، بەڵام دواتر و زوو بە زوو هێرشی كردنەسەر، بەتایبەتیش كاتێك تین گەیشتە هاوپەیمانەكانی، كە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی كاروباری لەو دوو دەوڵەتدا، ئەمەش لەبەر ئەم چەند هۆكارانەی خوارەوە:
كات و ساتێكی دژوار: 
خۆپێشاندانەكان هاوكاتی فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی سەر تاران بوون، بەردەوامیش بوو لە پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانی لەو دوو دەوڵەتە لەو تەنگژانەی ڕووبەڕوویان ببووەوە.

هاوكاتیش بوو لەگەڵ هەڵكشانی ڕووداوەكانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، كە هەر تەنیا پەیوەست نەبوو بە ئەمریكاوە، بەڵكو پەلی كێشابووە ناو دەوڵەتە ئەوروپییەكانیش بە هۆی كەمكردنەوەی ئێران بۆ پابەندبوونە ئەتۆمییەكانی، پێشتریش ئێران بە هۆی هەندێك هەنگاوی دژ بە ئەوروپییەكان كەلێنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەواندا فراوانتر كردبوو، سەرباری ئەوەش ئەوروپییەكان بە گشتی لە سیاسەتەكانی ئێران ڕازینین.

تاقیكردنەوەی هەژموون: 
خۆپێشاندانەكانی ئەم دوایەی دژ بە هاوپەیمانانی ئێران لەو دوو دەوڵەتدا، بەرپرسیارییەتی خراپی دۆخی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكیان لەسەر شان و ملی هاوپەیمانانی ئێران لانەبرد، نەك هەر لەبەر ئەو گۆمانانەی لەسەریانە، بەڵكو لەبەر خراپ بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەتداری، كە ڕۆڵی سەرەكییان هەبووە لە كردەی بڕیارسازی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەی عێراقدا.

لەو دوو دەوڵەتدا تۆمەتەكان ئاراستەی هاوپەیمانانی ئێرانن، كە تەنگژەكانیان بەرەو هەڵكشانە و ئیرانیش تۆمەتبارە بە پشتیوانیكردنیان. خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە هەردوو دەوڵەتدا پەلیان كێشا بۆ باشووری هەردوو وڵات، كە هاوپەیمانانی ئێران تیایدا باڵادەستن.

كاریگەری سزاكان: 
بە هۆی سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێرانەوە، كاریگەری كەوتە سەر میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێران لە ناوچەكە، ڕاستە ئەو میلیشیایانە چالاكی ئابووری خۆیان هەیە بۆ پەیداكردنی داهات، بەڵام بڕان یان كەمبوونەوەی پاڵپشتی ئێران بۆیان كاریگەری نەرێنی خۆی هەبووە، وەك حیزبوڵای ئێرانی كەس الانە 700-800 ملیۆن دۆلاری وەك پاڵپشتی لە ئێرانەوە پێدەگەیشت.

هەروەها سزاكان ئەو پاڵپشتییەیان كەمكردەوە، ئەمەش ناچاریكردن سیاسەتی سكهەڵگوشین پەیڕەوو بكەن، بۆیە زۆرێك لەئاراستەكان وای دەبینن بەشێكی ناڕەزاییەكان پەیوەستە بەم خاڵەوە، بۆیە ناڕەزاییەكان ڕووەو باشووری هەردوو وڵات هەنگاویان نا، كە ئەقڵی تەگبیرسازی سیاسی و كۆمەڵایەتی تاران حوكمڕانییان دەكات.

دۆخی ناوخۆیی: 
دیدگای تاران سەبارەت بە تەنگژەكەی عێراق و لوبنان كاریگەر بوو بەو تەنگژەیەی ئێرانی تێیدا دەژیان، چونكە پێشتریش ئێران بە درێژایی دوو ساڵ و لە 100 شار و پارێزگادا، ڕووبەرووی ناڕەزاییەكانی خەڵك بووەوە، بۆیە بەردەوامی ناڕەزاییەكانی عێراق و لوبنان، ئەگەری ئەوەی لێدەكریت ببێتە هۆكاریك بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی نارەزاییەكانی ئێران، بۆیە ئێران دژایەتی ئەو دوو خۆپێشاندانەی كرد.

دژە جوڵە 
ئیران بە چەند میكانیزمێك مامەڵەی لەگەڵ خۆپێشاندانە ناوخۆییەكانی عێراق و لوبنان كرد و لەوانەش 

بیردۆزەی پلانگێڕی: 
هەندێك لایەنی ئێرانی ئەو خۆپێشاندانەیان بە پیلانگێڕی سەیر كرد بۆ سەرەوژێركردنی هەژ‌موونی تاران لە ناوچەكە، بە تایبەتیش دوای ئەو رووداوانەی لە هەریەك لەعێراق و لوبنان و سوریا ڕوویاندا.

كەمكردنەوەی توندی ناڕەزاییەكان: 
ئێرانییەكان وای بۆچوون كە هۆكارە ئابوورییەكان گۆڕاوی سەرەكی ئەو ناڕەزاییانەن و هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكان، ئەمەش تا چاویان لەسەر هۆكارەكانی دیكە لابدات، كە پشكداربوون لە سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكان كە پەیوەستن بە پەیوەندی ئێران بە میلیشیا پاشكۆكانی لەو دوو دەوڵەتەدا.

پشتیوانیكردن لە دەوڵەت: 
هەر لە سەرەتاوە ئێران پشتیوانی هەردوو حكومەتەكەی عێراق و لوبنان بوو، چونكە لە عێراق زۆرینەی ئەو لایەنانەی بەشداری حكومەتن، نزیك و هاوپەیمانی ئێرانن. 

لە لوبنانیش ئامانج لە پشتیوانیكردنی حكومەت درێژەدانە بە شەرعییەتی مانەوەی حیزبوڵڵا بەوەی بەشداری حكومەتە.

پوختەی قسە ئەوەیە، كە ئێران وردە وردە بەرەو تێوەگلان و بەشداریكردنی ڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێت لەو ناڕەزاییانەی تووشی لوبنان و عێراق بووە، چونكە پێی وایە تاكە لایەنی هەرێمییە، كە ئەو ناڕەزایی و خۆپێشاندانانە بە ئامانجی دەگرن.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر