سوریا هەسەدە تۆمەتباردەكات
خاوەنكارانی ئیسرائیلی دەستیان هەیە لە فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

09/11/2019‌ 1233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موهەننەد حاج عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سوریا هێزە كوردییەكانی سوریا تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپێناو بەهێزكردنی بەرژەوەندی و پێگەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە سورییە دەڵێت: پیاوانی خاوەنكاری ئیسرائیلی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتی گرێبەستی وەبەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیان واژوو كردووە.

حاج عەلی جەختیكردووەتەوە، كە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل لەبارەی پشتیوانیكردنی كورد سەرلەبەری رەتكراوەیە و دەشڵێت: ئیسرائیل ژێربەژێر خەریكی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناوچەی جەزیرە (باكووری رۆژهەڵات)ی سوریا و قەیراناویكردنی جەنگی سوریایە بەگشتی .

پەرلەمانتارەكەی سوریا هەروەها دەڵێت: دەربڕینی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ كورد بەلای ئەوانەوە هیچ مانایەكی نییە و هەڕەشەی ئەوەش دەكات، كە بڕیارێكی ستراتیژی هەیە بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانە لەژێر دەستی كورد و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە جا پێیان خۆش بێت یان نا.

حاج عەلی لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: هێشتا بەشێك لە كوردەكان گرەو لەسەر ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن لەگەڵ ئەوەی ڕێكەوتنیان لەگەڵ حكوومەتی دیمەشق واژووكردووە بە نێوەندگیری روسیا.

هەروەك بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە ئەو گرووپە ناپاكە لێبووردنی گشتیش نایانگرێتەوە مەگەر سیاسەتی خۆیان بگۆڕن .

سەبارەت بەچارەسەركردنی دۆسیەی كورد لەسوریا حاج عەلی رەتیكردەوە ئیدارەی خۆسەری كوردی بەشێك بێت لە ئیدارەی سوریا بەپێی دەستوور و هەموو جۆرە ئیدارەیەكی سەربەخۆ لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان رەتدەكاتەوە. 

سەبارەت بە شەڕڤانانی كورد دەڵێت: دەكرێت هێزە كوردییەكان لەگەڵ سوپای عەرەبی سوریا تێكەڵ بكرێنەوە، كە ئەو سوپایە تایبەت  نییە بە نەتەوە و تایەفەیەكی دیریكراو بەڵكو سوپای هەموو خەڵكی سوریایە .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی