پارتی داوای ھەمواركردنەوەی ماددەیەكی دیكەی یاسای ھەڵبژاردنەكان دەكات

عیراق

12/11/2019‌ 1235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ھەمواردەكرێتەوە و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیش داوای ھەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەی كردووە، كە رێگە بە دەنگدەرانی ئاوارە نادات بۆ بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا.

ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ژمارەیەك پڕۆژەیاسا كرا، یەكێك لەوانەش یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بوو، كە داوای ھەمواركردنەوەی یەكێك لە ماددەكانی كرابوو.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی دەشڵێت: راستە چەند مانگێكە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە دەركراوە، بەڵام یەكێك لەماددەكانی نێو پڕۆژەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دیسان ھەموار دەكرێتەوە.

ھەدار بارزانی باسی لەوەش كردووە، كە فراكسیۆنەكەیان داوایەكی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە و تێیدا داوای ھەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەشی كردووە، كە رێگە بە دەنگدەرانی ئاوارە نادات بۆ بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، لەبەر ئەوەش "ئێمە داوامان كردووە ھەموو دەنگدەران مافی بەشداریكردنیان ھەبێت و ماددەی نێو یاساكە لەگەڵ ئەو ماددەیەی ئێستا لە پەرلەمانە، ھەموار بكرێنەوە".

ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەمانگی چوار بەرێوەدەچێت‌و ماوەی رابردووش یاسای هەڵبژاردنەكە هەمواركرایەوەو چەند لایەنێك لێی رازی نین.

هـ ـ ح