پارتی ناوی كاندیدەكانی بۆ چەند پۆستێكی هەولێر ئاشكرا دەكات

کوردستان

13/11/2019‌ 8683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات‌و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیش لەئەنجوومەنەكە رایگەیاند، جێگری پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دەگۆڕدرێن، كە دوو كاندیدەكەش بۆ ئەو پۆستانە، كاندیدی پارتی دەبن.

پێگەی فەرمی پارتی بڵاویكردەوە، كە سبەی پێنج شەممە ١٤ی١١ی٢٠١٩، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و جێگری پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ھەڵدەبژێرێت.

لەو بارەوە كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی كابینەی نۆیەم بڕیار دراوە گۆڕانكاری لەسەر ئاستی حكومەت و پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

خەیلانی راشیگەیاند، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر كۆمەڵێك دانیشتن كراوە، بۆ ئەوەی لە ھەموو سێكتەرەكان گۆڕانكاری بكرێت، گۆڕانكارییەكانیش ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە پێویستن، ئەو پلانەش لە ماوەیەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێت، كە ھەنگاوی یەكەمیش گۆڕانكاری بوو لە پارێزگار، ئێستاش لە رێگای پارێزگارەوە، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دەگۆڕدرێن.

لەبارەی ناوی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستانە، ناوبراو ئاشكرایكرد، بەپێی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە، ھێمن قادر فەقێ عەبدوڵڵا، كاندیدە بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری ھەولێر و دلۆڤان محەمەد كاندیدە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر.

هەروەها روونیشیدەكاتەوە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ١٥ بەڕێوەبەری گشتی و ٩ قایمقام و ٣٠ بەڕێوەبەری ناحیەمان ھەیە، بۆیە ئەم پرۆسەیە بەپێی پێویست بەردەوام دەبێت.