ڕێكەوتنی نەوتی هەولێرو بەغدا رەتكراوەیەو پەرلەمانی عێراق پشكی هەرێم لەبودجەدا دیاریدەكات

عیراق

18/11/2019‌ 7321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو ڕێكەوتنانەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوونی قبووڵ ناكرێن و ئەوە پەرلەمانە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ دیاری دەكات، بۆ ئەوەش دەبێت دادپەروەری لە دابەشكردنی سامانی عێراق لەنێوان هەموو پێكهاتەكدان هەبێت.

قەدۆ لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" راشیگەیاند، ڕێكەوتنە سیاسییەكان نابێت لەدەستوور بەرزتر بن، بەڵكو دەبێت دادپەروەری لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا هەبێت بەتایبەت لە دابەشكردنی بودجە بەسەر پارێزگاكانی عێراقدا.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، كە دەبێت هەرێمی كوردستان پابەندی ئەوە بێت سەرجەم داهاتی نەوتی هەناردەكرای رادەستی بەغدا بكاتەوە، نەك تەنیا داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران لەگەڵ هەرێم لەسەری رێككەوتبوون.

هەروەها روونیكردووەتەوە، كە بودجەی ٢٠٢٠ دەبێت مەرجگەلێكی تێدا بێت، كە گەل رازی بكات و ووڵامدەرەوەی داواكارییەكانیان بێت ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئەوە پەرلەمانە بڕیار لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و پابەندییەكانی دەدات .

ساڵی رابردوو بەغداو هەولێر لەسەر نەوت ‌و بودجە رێككەوتن‌و بەپێی رێككەوتنەكە هەرێم داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەكات‌و عێراقیش بەپێی مانگانە بودجەی بۆ دەنێرێت.

هـ ـ ح


بەپەلە