هەرێمی كوردستان‌و هەمواركردنی دەستووری عێراق

ڕاپۆرت

25/11/2019‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی شەقامەوە حكومەتی بەغدا كەوتووەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك چاكسازی بكات یەكێك لەوانە هەمواركردنەوەی دەستوورە .

هەمواركردنەوەی دەستوور زەنگی مەترسی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لێدا، كە خاوەن دەسەڵاتێكی فیدراڵییە لەچوارچێوەی عێراقدا .

لەو چوارچێوەیە، لە ٢ ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا، كە ئاراستەی رای گشتی كردبوو رایگەیاند، هەمواركردنەوەی دەستوور نابێت بەهێز، یان بە سەپاندن بێت، یان ببێتە هۆی كەمكردنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان و پیكهاتەكانی تر .

دوای پەیامەكەی مەسعوود بارزانی  لە ٥ی نۆڤەمبەردا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەركردایەتی هەرێم كۆبووەوە و تێیدا جەخت لەوە كرایەوە، كە سەركردایەتی كورد رازی نابێت دەست بۆ دەستوور ببرێت، ئەگەر ئەوەش روویدا ڕێگە نادەن دەست بۆ مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببرێت‌و مەرجی هەرێم ئەوەیە فیدڕاڵییەتی هەرێم پارێزراو بێت .

دوای ئەو بەروارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەكاتی دیدارەكانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە گرفت لە هەمواركردنەوەی دەستووردا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردنیدایە، كە بەشێوەیەك بێت هەموو پێكهاتەكانی عێراق رازی بكات .

كورد دەترسێت لەكاتی هەمواركردنەوەی دەستووردا دەست بۆ دەروزەی پینجەم ببرێت، كە تایبەتە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان و لەناویشیدا بەندی یەكەم لە ماددەی ١١٧ كە دان بە هەرێمی كوردستاندا دەنێت وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی .

هەر لەو چوارچێوەیشدا لێدوانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو قسانەی لەبارەی بەشداریكردنی پێشمەرگە لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی خوارووی عێراق و كوشتنیان دەكرێت بە بانگەشەی هاندەرانە وەسف كرد، كە لەئەنجامی ئەو ترسەوەیە كە داوا دەكات هەمواركردنەوەی دەستوور ببێتە یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی