دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدی عێراقی پەرتەوازەو كوردی دابەش كردووە

ڕاپۆرت

30/11/2019‌ 2984 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
نامەی دەستلەكاركێشانەوەی  عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دۆخی وڵاتی خستووەتە پەرتەوازەیی‌و كوردیشی دابەش كردووە.

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی تایبەت بەشارپرێسی راگەیاند، دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كێشەكانی عێراقی قووڵتركردووەتەوە، چونكە  لەكاتی نووسینەوەی دەستوور ئەوانەی دەستووریان نوسیووەتەوە بیریان لەوەنەكردووەتەوە، ئەگەر بێت و سەرۆك وەزیران دەست لەكاربكێشێـتەوە لەكوێوە پەسەندبكرێت ئایا سەرۆك كۆمار پەسەندی بكات، یان پەرلەمان، چونكە  ئەوانەی دەستووری عێراقیان نووسیوە بۆخۆیان نووسیووەو بیریان لەوە نەكردووەتەوە، كە لەعێراق رۆژێك سەرۆك وەزیران دەستلەكاردەكێشێتەوە.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند، ئێستا مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەوە هەیە، كە ئایا نامەی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بچێتە سەرۆكایەتی كۆمار، یان بنێردرێتە پەرلەمان.

رۆژی هەینی عادل عەبدولمەهدی لەنامەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد، كە لەپێناو نەرژانی خوێی عێراقییەكان دەستلەكاردەكێشێتەوە، ئەوەش دوای پەیامێكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لەعێراق، كە داوای لەلایەنەكان كرد، رێكار لەدژی حكومەت بگرنە بەر.

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشكرد، بەهەر حاڵ ئەگەر نامەی دەست لەكاركێشانەوەكە بێتە پەرلەمان،  "ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ‌، ئایندە، هەروەها دووپەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشمانی، كە ژمارەمان 15 پەرلەمانتارەو بەگروپی G15 ناسراوین ئامادەین دەنگ بۆ دەستلەكاركێشانەوەكە بدەین.

هەرچەندە دەستووری عێراق ئاماژەی نەكردووە بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران، بەڵام باسی حاڵەتی چۆڵبوونی شوێنی سەرۆك وەزیران بەهەر هۆكارێك بێ و لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە كردووە.

هەروەها لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا ئەم حاڵەتە ئاماژەی پێ نەكراوە، كە سەرۆك وەزیران دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی پەرلەمان دەكات، كە پێدەچێت عەبدولمەهدی لەدەستلەكاركێشانەوەكەیدا داوای بەخشین (ئیعفا) بكات لەسەرۆكایەتیكردنی قۆناغی كاربەڕكردنیش، پەرلەمانیش پەسەندی دەكات و بڕیارەكەی پەرلەمان ئاراستەی سەرۆك كۆمار دەكرێت، 

سەرۆك كۆماریش بەپێی مادە (۸۱) لەدەستووری هەمیشەیی دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران لەكاتی چۆڵبونی (خلو)ی پۆستەكە مومارەسە دەكات‌و لەماوەی پانزە رۆژدا كاندید بۆ پۆستەكە پێشكەشی پەرلەمان دەكات، ئەم رێكارەش بەپشت بەستن بەمادە(۷٦)ی دەستوور ئەنجام دەدرێت.

لای خۆیشییەوە بلێسە جەبار فەرمان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  بۆ "شارپرێس" وتی: ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی هێشتا بڕیارمان نەداوە لەدانیشتنەكەی سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق ئامادە دەبین، یان نا، ئەوەش یەكلانەكراوەتەوە، كە دەنگ بۆ دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆك وەزیران دەدەین، بۆ هەموو ئەمانەش چاوەڕێی بڕیاری حیزب و سەرووی خۆمان دەكەین.

هەروەها پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتیش، كە خۆی نەیویست ناوی بهێندرێت بەشارپرێسی وت: ئەگەری ئەوە هەیە بەشداری دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمانی عێراق نەكەین و بەهیچ شێوەیەكیش دەنگ بۆ دەست لەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی نەدەین، چونكە كێشە لەعێراق عادل عەبدولمەهدی نییە، بەپێچەوانەوە عادل عەبدومەهدی تاكە سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ پرسی كورد زۆر رای ئەرێنی هەبوو، بەهیچ شێوەیەك گەندەڵ نەبوو.

بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كۆببێتەوە، كە تائێستا هیچ بژاردەیەكیش بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی نەخراوەتەڕوو.



بەپەلە