بایكۆتكردنی كاڵای توركی
كوردانی رۆژئاوا لەبەرانبەر "بژاردەیەكی قورس"دان

کوردستان

07/12/2019‌ 1193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ سوپای توركیا پرۆسەیەكی سەربازی كردە سەر رۆژئاوای كوردستان، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكرد، ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا داوای كردووە هاوشان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی پێویستە گورزی ئابووریش لەئەنقەرە بدرێت .

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی، ئیدارەی خۆسەر داوای لە دانیشتووانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی كردووە تا پێیان دەكرێت بایكۆتی كاڵاو شمەكی توركی بكەن، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ دەستدرێژی توركیا بۆ سەر ناوچەكانیان و ئاوارە ودەربەدەركردنی دەیان هەزار خەڵكی مەدەنی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان .

بەڵام ئەم هەڵمەتە راددەی ئەو پشتبەستنە گەورەیەی كوردەكانی بەسەرسەختترین دوژمنەكانی لە بازرگانیدا دەرخست، كە ئەویش توركیایە .

فراوانبوونی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كوردەكانی سوریا لەماوەی چەند  ساڵی رابردوودا، وایكرد راددەی دوژمنایەتی توركیا بۆ كوردەكان زۆر زیاتر بكات، كە ئەم فراوانبوونەی ناوچەكانیش هاوكات بوو لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستنی كوردەكان بەئەو كاڵا و شمەكانەی لە توركیاوە هاوردە دەكرێن .

هۆكاری ئەو پشتبەستنەی كوردەكان بەكاڵای توركی بۆ ئەو جەنگە دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێكردووە بووە هۆی وێرانكردنی پیشەسازی و ڕیگا كلاسیكییەكانی بازرگانیكردن لە سوریا، بۆیە جێگرەوەی شمەكی سوری بریتی بوو لەهێنانی كاڵا و شمەك لە توركیاوە، كە زۆرینەی لەڕێگای هەرێمی كوردستان و دەروازەی سێمالكاوە دێت‌و تاكە دەروازەی كوردەكانی سوریایە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا .

سلێمان باروودی، بەرپرسی سیاسەتی ئابووری و كشتوكاڵی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: لەئێستادا ٨٠%ی ئەو شمەكانەی لەدەرەوە دێنە ناوچەكانی باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا ، لە توركیاوە دێن.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی واسنتۆن پۆست، لەگەڵ ئەوەی بایكۆتكردنی كاڵای توركیا لەدوای دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی جێگرەوەكانیان كڕیاران ناچارن هەر شمەكە توركییەكە بكڕن .

ئافرەتێك بەناوی "دایكی عەلی"، كە لەناو بازاڕی شاری قامیشلۆ خەریكی بازاركردن بوو بە رۆژنامەكەی وتووە: توركیا هێرش دەكاتە سەرمان و بۆردومانمان دەكات و رۆڵەكانمان دەكوژێت.

لەگەڵ ئەوەشدا دایكی عەلی وتوویەتی: هەندێك شمەكی سەرەكی وەكو رۆنی زەیتوون‌و دۆشاوی تەماتە ئەگەر بەرهەمە توركییەكە نەبێت دەستناكەوێت، بۆیە ئەگەر جێگرەوەی نەبێت ناچارم بەرهەمە توركییەكان بكڕم.

لای خۆیشییەوە، خاوەنی دووكانیكی میوەفرۆشی، كە ناوی جوان شێخمووس بووە وتوویەتی: كڕیارەكانی پێشوازی لە جێگرەوەی بەرهەمە توركییەكان دەكەن، بەڵام هەندێك جار بەهۆی بەرزی نرخەكانیان لێیدوور دەكەونەوە.

شێخ مووس دەشڵێت: بۆ نموونە نرخی سێوێكی توركی نیوەی هاوتا سورییەكەیەتی، لەبەرئەوەی حكومەتی دیمەشق باجێكی زۆر دەخاتە سەر ئەو شمەكانەی لەناوچەكانی ئەوانەوە دێنە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی