ئێران یەكێك لە فرۆكەكانی ئیسرائیلی كۆپی كردووە

جیهان

12/12/2019‌ 1202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتێكی ئیسرائیلی گومان دەخاتە سەر فرۆكەیەكی درۆنی ئێرانی بەناوی "سیمرغ"، كە سوپای ئێران لەم دواییە ئاشكرایكرد.

بەپێی راپۆرتەكە، لەیەكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو فرۆكە ئێرانییە و فرۆكەیەكی هەمان جۆری ئیسرائیلی .

تەلەفزیۆنی i24NEWS ئیسرائیلی لەسەر پێگەی ئەلیكترۆنی خۆی لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، فرۆكەی بێفرۆكەوانی "سیمرغ"ی ئێرانی تاراددەیەكی زۆر لە فرۆكەی بێفرۆكەوانی "هێرمس ٤٥٠"ی ئیسرائیلی دەچێت، كە بە "زیك "یش ناسراوە، بۆیە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بەدوور نازانرێت ئێرانییەكان بەئەنقەست شێوەی فرۆكەكەیان كۆپی كردبێتەوە .

لەمدواییە سوپای ئێران فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی نوێی ئاشكراكرد بەناوی "سیمرغ"، كە توانای ئەوەی هەیە كاری دیدەوانی‌و جەنگی و تەكتیكی بەجێبگەیەنێت .

كەناڵە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئێرانییەكان رایانگەیاندووە "سیمرغ" تایبەتە بە بەدواداچوونی كەشتیوانی دەریایی و پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ كەشتییەكانی هێزی دەریایی ئێران، كە لەسەر زاری حوسێن خانادی فەرماندەی هێزی دەریایی ئێرانەوە گواستوویەتییەوە، كە فرۆكە نوێكە توانای ئەوەی هەیە وا لە كەشتییەكانی هێزی دەریایی ئێران بكات لەناوبەر بن .

راپۆرتە ئێرانییەكان باسیان لەوەش كردووە، كە سیمرغ توانای ئەوەشی هەیە بۆ بەرزی ٢٥٠٠ پێ بەرزببێتەوە بۆماوەی ٢٤ سەعات لەئاسماندا بمێنێتەوە و مەودای ١٥٠٠ كیلۆمەتریش ببڕێت، ئەوە جگە لەوەی توانای ئەوەی هەیە موشەك و بۆمبیش هەڵبگرێت و بەهۆكارەكانی جەنگی ئەلیكترۆنیی و دیدەوانیش تەیار بكرێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی