ئەگەری شكستی هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی كورد لەبەغدا

ڕاپۆرت

12/12/2019‌ 2052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان لەبەغدا بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، لایەنە ناڕازییەكان دەڵێن: ئەم هەوڵە درەنگەو پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی هەر كاتێك بەرژەوەندییەكانیان كەوتە لێژی داوای یەك ریزە دەكەن.

تەنیا لەیەك مانگدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی دروستكردنی یەك ریزی و یەك لیستی لەبەغدا دوو هەوڵیداوە، جارێكیان بەیاوەری هەردوو جێگرەكەی سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كرد لەشاری سلێمانی و جارێكیشیان لەهەولێر لەگەڵ نوێنەری حیزب و لایەنەكان كۆبووەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی بێئاكام بوون و لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لەبەغدا دروست نەبووە.

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عیراق بە "شارپرێس"ی وت: ئێمە لەگەڵ یەك ریزی نیشتمانی و كۆدەنگی كوردستانیین، بەڵام پارتی و یەكێتی تەنیا لەوكاتە ئەو قسانەیان بیر دەكەوێـتەوە، كە بەرژەوەندییە حیزبیەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی: باشە ئەی بۆ  لەكاتی دابەشكردنی پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستە وزارییەكان، بەهیچ شێوەیەك پرسیان بەئێمە نەكرد، بۆ لەكاتی دابەشكردنی پۆستی سەفارەتەكان و سەفیرەكان دەیانەوێت ئێمە پەراوێز بخەن، بەڵام كە بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسی هانامان بۆدێنن‌و داوای یەك ریزمان لێدەكەن؟

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشكرد، كە لەئێستادا 12 سەفارەت بەر كورد كەوتووە، پارتی دەڵێت: دەبێت هەشتی بۆ ئێمە بێت و چواری بۆ یەكێتی بێت، ئەوەی حیسا بۆ لایەنەكانی تر بكات، ئەی بۆ كاتێك بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسی داوای یەك ریزیمان لێدەكەن.

باسی لەوەش كرد، ئەو شینەی پارتی و یەكێتی لەئێستادا بۆ ئەوەیە، كە لەئێستادا سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشاوەتەوەو خەریكە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە دەیانەوێت لەحكومەتی داهاتوو بڵێین ئێمە وەكو هاویەیمانی ئەوەندە كەسەین و لیسێكی بەهێزمان هەیەو پشكەكانیان وەربگرن‌و دواتریش وەكو جاران پشت لەئێمە بكەنەوە.

هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەیە، كورد یەك لیستی هەبێت، بۆ ئەوەی لەپرسەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان لایەنە كوردییەكان یەك هەڵوێست بن.
  
هاوكات موسەنا ئەمیین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی  بۆ شارپرێس دەڵێت: ئێمەش لەگەڵ یەك ریزی  كوردو یەكدەنگی كوردین، بەڵام دوای چی؟ پارتی و یەكێتی هەركاتێك بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسی  دێن بەم دروشمە كۆنانە بایەك ریزبین و لەپێناو بەرژەوەندی كوردستان با لیستی هاوپەیمانی دروست بكەین، بەڵام لەكاتی ئەوەی كە لەسەر پێی خۆیانن و بەرژەوەندییەكانیان باش دەڕوات حیساب بۆ لایەنەكانی تر ناكەن و بەكردار ئەم قسە باق و بریقانەیان نابینین.

موسەنا ئەمین ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان دەیانەوێت ئێمە لەپشتیان بین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لەتەنیشتیان بین و ئەوەشمان پێوتوون، بەڵام وەك خوی هەمیشەییان ئەوان دەڵێن: جاپۆست چییە و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەپۆست گرنگترە، بەم دروشمانە كۆنانەیان كوردایەتیمان پێ دەفرۆشنەوە، لەكاتێكدا ئێمە بۆ پرسی نەتەوەیی ئەگەر لەوان زیاترمان نەكردبێت كەمترمان نەكردووە.

وتیشی: تازە حكومەت خەریكی هەڵوەشانەوەیەو باس لەهەڵبژاردنی پێش وەختە دەكرێت پێموانییە لیستی هاوپەیمانی دروست بێت.

لەبەرانبەر ناڕەزایی ئەو لایەنانەی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی ناسر هەركی پەرلەمانتاری پارتی  بەشارپرێسی وت: ئەم گلەییانە ئەگەرچی كۆنن، بەڵام  لەگەڵ ئەوەشدا ناڵێم ناحەقن‌و حەقی خۆیانە، بەڵام ئێمە لەبەغدا تەنیا دوو وەزارەتمان بەركەوتووە خۆناشكرێت لەكاتێكدا ئێمە 27 كورسیمان هەیە وەزارەت وەرنەگرین، بەڵام ئەوان كە چوار كورسی و سێ كورسیان هەیە وەزارەت وەربگرن.

سەبارەت بەسەفارەتەكانیش هەركی وتی: ئێمە وەكو پارتی لەئێستادا تەنیا یەك سەفارەتمان هەیە و یەكگرتووش یەك سەفارەتی هەیە، بۆیە حەقە بەرژەوەندی نیشتمانی پێش بەرژەوەندی پۆست و كورسی بێت.