ساڵێكی دژوار بەرێوەیە.. جیهان لە 2020 بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت؟

مەلەفی تایبەت

02/01/2020‌ 1927 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەنتەرەكانی هزر و دیدو بۆچوونەكانی ڕۆژئاوا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە پەرەسەندن و تەنگژەكانی ساڵی 2019 ی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، پێكداچوو ئاڵۆز بوون و یەكلایینەبوونەوە، ئەوانەی ساڵی 2020  ئاڵۆزتر دەبن‌و تەنگژەكانیش پەرەسەندنی دراماتیكی بەخۆوە دەبینن، بە تایبەتیش ئەمریكا لە ساڵی تازە سەرقاڵی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی دەبێت.

لەگەڵ بایەخدانی سەرۆكی ئەمریكا بە پرسە ناوخۆییەكانی هەڵبژاردن‌و بەرزكردنەوەی دروشمی "ئەمریكا لەپێش هەموو شتێكەوە"و كەمكردنەوەی تێوەگلان لە پرسەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵی نەیارەكانی ئەمریكا لەتەنگژەكانی ناوچەكەدا زیاتر دەبێت، بە تایبەتیش ڕوسیا، كە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2020 ببێتە بكەری هەرە كاریگەر و ئەو هێزەی توانستی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی هەیە بەو شێوەیەی بۆ پێگە نێودەوڵەتییەكەی باشە.

هاوكات لەگەڵ پاشەكشێی ڕۆڵی ئەمریكا لەناوچەكە، ڕۆڵی ئەو هێزە هەرێمییانەش زیاد دەكات، كە گەرەكییانە لە ناوجەرگەی ململانی عەرەبییەكاندا پێگەیەك بۆ خۆیان دروست بكەن‌و چەند دەستكەوتێكیش بەدەست بێنن، ئەمەش لەسەر كەوڵ و هەگبەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەبێت.

لەساڵی 2020 چاوەڕوان دەكرێت ڕۆڵی ئێران زیاد بكات لە خوڵقاندنی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەكە، ئەمەش وەك ستراتیژییەتێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارە زۆرانەی لەسەرنی، كە لە ئاكامی كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی‌ ساڵی 2018 تووشی بوون، هەروەها بەئامانجی بەرزكردنەوەی تێچوونی كاردانەوەكانی سیاسەتە ئەمریكییەكان لەهەر بژاردەیەك، كە لەوانەیە‌ لە ئایندە دژ بە تاران بیگرێتەبەر.

بەیەكداچوون و لەگرێژنەچوونی پرس و تەنگژە هەرێمییەكان، ڕێ لەوە ناگرن لە ساڵی 2020  هەندێكیان بەرەو كرانەوە بچن، بەتایبەتیش چەندەها پێنوێن (مۆشر) هەن بۆ چارەسەربوونیان، چونكە سەخت‌و دژوارە بە هێزی سەربازی یەكلاییبكرێنەوە، ئەمەش بوار بۆ دانوستان و گەیشتن بە یەكلاییكردنەوەیان دەكاتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2020 هەندێك تەنگژی نێودەوڵەتی سەرهەڵدەن، بەڵام بە گوێرەی زۆرێك لە پێشبینییەكان ئەو تەنگژانە قۆناغی دەبن، چونكە برەو بە هەلەكانی سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ دەدەن لە بردنەوەی گەڕی دوومی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە نۆڤەمبەری ئایندە، هەر ئەمانەش شكستە ناوخۆییەكانی دیاری دەكەن.
 
چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت ڕێككەوتننامەیەك بێتە ئاراوە و جەنگە بازرگانییەكەی نێوان واشنتۆن و پەكین كۆتایی پێبێنێت، ئەمەش هەر بۆ قۆناغێكە و زۆر بەردەوام نابێت.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت ئەمریكا تاڵیبانیش  بگەنە ڕێككەوتنێك، بە تایبەتیش گەلی ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە نەچێتە ناو ململانێ نێودەوڵەتییەكانەوە، كە تێچوونی دارایی و مرۆییان زۆرە.

لەسەر ئاستی جیهانیش، چاوەڕێ دەكرێت ساڵی 2020 ساڵی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان بێت، چونكە داواكارییەكانی خۆپێشاندەرانی ساڵ 2019 جێبەجێنەكراون و چاوەڕێ دەكرێت زیاد بكەن، ئەمەش لە سایەی پاشەكشێكردنی تێكڕای گەشەسەندنی نێودەوڵەتی و سەرهەڵدانی تەنگژەی ئابووری لە زۆرێك لەو دەوڵەتانەی لە ساڵی 2020 تووشی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان بوون‌و نەیاتوانیووە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی شەقامبن، بە تایبەتیش خۆپێشاندەران متمانەیان بە دامەزراوە سیاسییەكان نەماوە بەوەی‌ گوزارە لە هیواو ئاوات و ئومێدەكانیان بكەن.

چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەدوای هەرەسهێنانی لە عێراق و سوریا و كوژرانی ئەبوبەكری بەغدای سەركردەی، دووبارە چالاك بێتەوە، هەروەها ئەو ڕێكخراوانەش چالاك ببنەوە، كە هاوشێوەی داعشن، چاوەڕێت دەكرێت شیمانەكانی (ئیحتمال)  ئەنجامدانی كردە تیرۆرستییەكانی توندڕەووەكان زیاد بكەن. 

ئەوەش‌ چاوەڕوانكراوە ڕاستڕەووە توندڕەووەكان هەژموونیان زیاد بكات، ئەمەش لەسایەی ئەو پەرتبوونە حیزبی و سیاسی و كۆمەڵگایەی، كە هەندێك لە دەوڵەتان رۆژئاوا بەخۆیەوە دەبینن.

لەوانەیە ساڵی 2020 تەنگژەی چاوەڕوانەكراو بەخۆوە ببینێت، سیستەمی نێودەوڵەتیش تووشی شەپۆلێك ململانێ و هەڵكشانی ڕووداوەكان بێت، لە هەمووشیان زیاتر لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەوانەیە لە دەرەوەی وویستی لایەنە ململانێكارەكان، لێكەوتی نەخوازراوی لێبكەونەوە، هەندێك پەرەسەندن و وەرچەرخانیش لە هەندێك دەوڵەت بێنەكایەوە كە پلانبۆداڕێژراو نەبن، وەك  گۆڕانكاری لە سەركردە سیاسییەكان.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر