كوشتنی قاسم سلێمانی هێزە سیاسییەكانی عێراق زیاتر دابەش دەكات

مەلەفی تایبەت

05/01/2020‌ 1870 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كردەی بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، شۆكێكی بەهَیز بوو بۆ هێزە سیاسییە عێراقییەكان، ئەوان پێیان وا نەبوو واشنتۆن لەو دۆخە ناهەموارەی عێراقدا و لە سایەی خۆپێشاندانە ناڕەزاییەكانی شەقام دژ بە هەژموونی ئێران، ڕاستەوخۆ سەركردە سیاسییە ئێرانییەكان لە سەر خاكی عێراق بە ئامانج دەگرێت. 

ئەمەش دابەشبوونی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكانی سەبارەت بەو كردە سەربازییەی ئەمریكا زیاتر كرد‌ لە نێوان ئەوانەی داوا دەكەن ڕێوشوێنی توندی لەدژی ئەمریكا  بگیرێتەبەر و ئەوانەش، كە دژ بە بوونی سەربازی ئێرانن لە عێراقدا.

نیشانەكانی وادەی لێدانە سەربازییەكە
قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئێرانی، كە باڵاترین هێزە لە ناو پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیدا، ئەو زۆر لە خامەنەئییەوە نزیكە و كۆڵەكەیەكی سەرەكی ڕژێمی ئێرانییە، نوێنەری سەرەكی و پلانداڕێژەری سیاسی و ئەمنی ئێرانە لەسەر ئاستی هەرێمی، ئەڵقەی بەیەكەوەبەستنی سەرەكییە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەكانی و بریكارەكانی لە دەوڵەتە هەرێمییەكاندا، كاریگەری ئەو لەسەر گۆڕەپانی عێراقی و سوری و لوبنانی و یەمەنی ناشاردرێتەوە.

ئەو ڕووداوە وەرچەرخانێكە لە ململانێی نێوان ئەمریكا – ئێراندا و بە تایبەتیش لە عێراق، چونكە ئێران كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ڕەووتی ڕووداوەكانی عێراق و بە تایبەتیش قاسم سلێمانی، كە كاریگەری بەسەر سیاسییەكانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان لە لایەك و لایەنە چەكدارەكان لە لایەكی دیكەوە هەیە.

سەرباری ئەوەی چاوەڕێی ئەوە ناكرێت بە كوشتنی سلێمانی گۆڕانێكی كاكڵەیی بەسەر  سیاسەتی ئێراندا بێت لە ناوچەكە، بەڵام ئەو ڕووداوە نیشانە و كاریگەری گەوەرە لەچەندەها بواردا جێدێڵێت. 

لە ڕووی كاتەوە ڕووداوەكە هاوكاتی هەڵكشانی سیاسەتەكانی ئەمریكایە دژ بە ئێران لە عێراق، بە تایبەتیش ئێران بە بەردەوامی شێلگیر بووە لە گرتنەبەری سیاسەت و هەنگاوی دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، ئەمریكاش وەڵامێكی پێویستی ئەو هەنگاوانەی ئێرانی نەداوەتەوە و تارانی دەمكوت نەكردووە.

ئەو كردەیەی ئەمریكا وەرچەرخانێكی دیكەی سیاسەتی ئەمریكایە دژ بە ئێران و بریكارەكانی  لە ناوچەكە، ئەوان هەردوولا پێشتر پشتیان بە بریكارەكانیان دەبەست لە بەرەنگاربوونەوەی یەكتری، كەچی ئێستا واشنتۆن ڕاستەوخۆ بریكارەكانی ئێران بە ئامانج دەگرێت. 

 بۆ نموونە ئەمریكا چەند جارێك گورزی لە بارەگاكانی حیزبوڵای عێراقی لە شاری قایم لە ئەنبار وەشاندووە، چەندەها كردەی دیكەی سەربازیش، كە ڕانەگەیەندراون و لە بەغدا و سەڵاحەدین كراونەسەر سەبازگە و كۆگاكانی چەكی لایەنەكانی حەشدی شەعبی. 

لەو لاشەوە ئێران لە ڕێگەی بریكارەكانییەوە هێرشی بۆسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ئەنجامداون و داواتریشیان هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا بوو لە بەغدا.

دەكرێت بڵێین، كە كردەی تیرۆركردنی سلێمانی لەعێراق یەكێكە لەگرنگترین ئەڵقەی بازنەكانی ململانێی ئەمریكا – ئێران بە هۆی بەئامانجگرتنی دیارترین كەسایەتی ئێرانی، ڕاگەیاندنێكی ڕاشكاوانەی ئەمریكایە لەدەستپێكردنی سەرەتایەك بۆ جڵەوگیری هەژموونی ئێران لە عێراق، بە تایبەتیش جەماوەری خۆپێشاندەر لەسەر شەقامە و دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە" یان بەرزكردووەتەوە و حكومەتەی سەر بە ئێرانیشیان ناچار كرد دەست لەكاربكێشێتەوە.

 هەڕەشەكانی ئێران بەوەی دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەبات
دوای ڕاگەیاندنی فەرمی كوشتنی سولەیمانی لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، لێدوانە هەڕەشەئامێزەكانی ئێران بە تۆڵەكردنەوە بەدوای یەكدا هاتن، ئاژانسی هەواڵی "ئەرنا"ی ئێرانی وتی: خامەنەئی بۆ یەكەمجار سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێرانی كردووە بۆ تاوتوێكردنی بژاردەكانی ئێران، پێگەی‌ خامەنەئیش لەتویتەر باسی لەوە كردووە، كە تۆڵەكردنەوەیەكی دڵڕەقانە چاوەڕێی تاوانباران دەكات، لە تویتێكی دیكەشدا باس لە سەرەتای كاری دژ بە‌ ئەمریكا كراوە.

هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێرانیش وتی: تیرۆركردنی قاسم سلێمانی كارێكی ترسنۆكانەیە و نیشانەی لاوازی ئەمریكایە لە ناوچەكە، واشنتۆن تاوانێكی ئەنجامداوە و ئەمەش ورەمان بەرزتر دەكاتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەكانی ئەمریكا. 

پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیش رایگەیاند، ئێمە هەموو هێزەكانی دژ بە ئەمریكا لە هەموو لایەكی جیهاندا تۆڵە لە ئەمریكا دەكەینەوە.

لەلایەكی تریشەوە دەستەی سوپاسالاری ئێران بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تێدا رایگەیاند، لە بەرانبەر تیرۆركردنی سولەیمانیدا، دەبێت ئەمریكا چاوەڕێی وەڵامێكی بەهێزی لەرزێنەر بكات.

هاوكات ئەحمەد خاتەمی ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی سەركردایەتیش لە وتارێكدا لە رۆژی هەینی وتی: كاتی ئەوە هاتووە بەرەنگاری بكەین و ئەمریكاش دەبێت بزانێت كە پێویستە ناوچەكە چۆڵ بكات.

قسەكەری حكومەتی ئێرانیش وتی: وانەیەكی باش فێری ئەمریكا دەكەین، كە هەرگیز سەرۆكەكانی بیریان نەچێتەوە، قسەكەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش باسی لەوەش كرد، كە لە بەرانبەر تیرۆركردنی قاسم سولەیمانیدا دەبێت واشنتۆن باجێكی قورس بدات، واشنتۆن ئۆباڵی لێكەوتە ئەمنی و سەربازییەكانی ئەو ڕووداوەشی دەكەوێتە ئەستۆ.

شیمانەكانی هەڵكشانی سەربازی
لەوانەیە ڕەووتی پەرەسەندنی ڕووداوەكان لە عێراقدا بەرەو دوو ئاراستە هەنگاو بنێت، یەكەم كۆششی هەردوو لایەنی ململانێكار بۆ پێكهێنانی حكومەتە لە عێراقدا لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانییانەوە، هەر لایەكیش هەوڵی یەكلاییكردنەوەی دۆخەكە دەدات دژ بە هێزە سیاسییە نەیارەكانی، ئێرانیش پاڵە بە هێزە سیاسییەكانەوە‌ دەنێت، كە هەڵوێست یان بڕیارێك دەربكات بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراق.

چاوەرێش دەكرێت لەسەر ئاستی سەربازی دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت، بە تایبەتیش ئەمریكا بنكەی سەربازی لە بەغدا، ڕومادی ، گەیارە، كەركوك و ناوچەكانی دیكەی عێراق هەن، كە نزیكەی 11 هەزار سەربازیان لە هێزی فەرمی و هێزی كۆمپانیا ئەمنییەكان تێدا نیشتەجێیە. لەولاشەوە ئێران ڕاستەوخۆ بوونی سەربازی هەیە و لایەنە چەكدارە شیعییەكانی عێراقیش پاشكۆی خۆنی، بۆیە هێڵەكانی بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوە كراوەن لە نێوان هەردوولادا.  

هەردوو لایەنی ململانێكار هەوڵ دەدەن ئەو ڕووداوە بەكاربێنن بۆ دەربازبوون لە گرفتە دەرەكییەكان، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا گەرەكییەتی پێی دەرباز بێت لە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەران و شەقامی ئەمریكی لە پرسی لەكارخستنی، كوشتنی سلێمانیش لەهەڵبژاردنی ئایندەی سەرۆكایەتی ئەمریكادا دەكەوێتە خزمەت ترامپەوە. 

لەو لاشەوە سەركردایەتی ئێرانی ئەو دۆخە دەقۆزیتەوە بۆ سەرقاڵكردنی شەقامی ئێرانی، كە ناڕەزایی جەماوەری بەخۆوە دەبینێت سەبارەت بە گرانی بژێوی ژیان و كەمبوونەوەی ئاستی داهات و خزمەتگوزارییەكان و لێكەوتەكانی سیاسەتەكانی دەرەوەی ئێران لە سایەی ئەو سزا ئابوورییانەی بەسەریدا سەپاون.

دەكرێت بڵێین، كە كوشتنی سلێمانی چاوەڕێی ئەوەی‌ لێ ناكرێت لە ململانێی نێوان واشنتۆن و تاراندا تەنیا ڕووداویكی ئاسایی بێت و تێپەرێت، بە تایبەتیش لە لەناو خاكی عێراقدا كوژراوە، چ لە ڕووی ڕووداوەكەوە و چ لە ڕووی كاتەوە، یان لەگۆڕەپانەكانی دیكەی ململانێی نێوان هەردوولا، لەوانەشە لە ڕێگەی‌ كردەی سەربازییەوە هەردوولا یەكتر بە ئامانج بگرن، هەروەها دەشێ كردەی سەربازی ناڕاستەوخۆش بۆ پاكتاوكردنی بریكارەكانی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە لە هەریەك لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن ئەنجام بدرێن.

سەرچاوە: موستەقبەل
نووسین: موسەنا ئەلعوبەیدی 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر