سێیەم هەوڵی دادگایی كردنی سەرۆك لەمێژووی ئەمریكادا

مەلەفی تایبەت

16/01/2020‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
میتش ماكنوێڵۆی سەرۆكی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران  و نانسی بیلۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایانگەیاند، كە بەم زووانە دادگایكردنی دۆناڵد ترامپ دەستپێدەكات.

دوای وەستانێكی چەند هەفتەیی سەبارەت بەڕێوشوێنە یاساییەكان و گەواهیدەرەكان، چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی چوارشەممە بڕگە و بابەتەكانی تۆمەتنامەكەی دژ بەترامپ بۆ لەكارخستنی، ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیران بكرێن، ئەمەش ڕێگە‌ خۆش دەكات بۆ دادگاییكردنی لە هەفتەی ئایندەدا، كە ئاخ‌و لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە یاخود نا.

ترامپ دوو تۆمەتی دراوەتەپاڵ، یەكەم، هەوڵی نامەشروع بۆ دەستكەوتنی یارمەتی ئۆكڕنیا بۆ پڕۆسە دووبارە هەڵبژادنەوەی لەم ساڵدا، هەروەها خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ ڕێگرتن لەئۆكرانیا لەوەی یارمەتی ئەمریكای دەستكەوێت، ئەمەش بۆ فشار خستنەسەری تا دۆسییەی لێكۆڵینەوە دژ بەجۆبایدنی جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بكرێتەوە، كە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020 پاڵێوراوی دیموكراتەكانە.

دووەم تۆمەتیش هەوڵی پەكخستنی دادپەروەرییە، بەوەی ڕێگربووە لەدەستگەیشتن بە گەواهیدەر و بەڵگەنامەكانی پەیوەست بەلێكۆڵینەوە وەك ئاڵێنگارییەك بۆ ئەو یاداشتنامانەی لەكۆنگرێسەوە دەرچوون.

لە مەراسیمێكی تایبەتدا و پێش ناردنی تۆمەتنامەكە لەئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران، بیلۆسی بەندەكانی لەكارخستنی ترامپ واژوو دەكات و ڕادەستی سكرتێری ئەنجوومەنی پیرانی دەكات.

چاوەڕوان دەكرێت سێ شەممەی ئایندە ڕێوشوێنەكانی لەكارخستنی ترامپ دەستپێبكەن، كە زۆر دووریشە لە ئەنجوومەنی پیران ئەو تۆمەتنامەیە پەسەند بكرێت، چونكە كۆمارییەكانی زۆرینەن و 53 كورسیان هەیە و دیموركاتەكانیش خاوەن 47 كوورسین، بۆیە سەختە 2/3 ی ئەنجوومەنەكە دەنگ  بۆ لەكارخستنی ترامپ بدەن.

ترامپ ئەو دادگایییكردنەی بە فێڵ و كردەیەكی ڕاوەدوونان دەزانێت، بەوەش وەسفی ئەو ڕێوشوێنانە دەكات، كە لە مێژووی كۆنگرێسدا ئەم دانیشتنانە لە هەموو دانیشتنەكانی دیكە زیاتر ناپاك و ناهاوسەنگن.

ترامپ لە ویسكنسین لە بەردەم لایەنگرانی وتی: لە كاتێكدا ئێمە هەلی كار دەڕەخسێنین و تیرۆرستان دەكوژین، دیموكراتەكانی كۆنگرس كاتی ئەمریكا لەفرتوفێڵ و ڕاوەدوونانی سەرشێتانە بەفیڕۆ دەدەن.

ترامپ لە زۆر كاتدا داوای كردووە پڕۆسەكە بەتەواوی بوەستێندرێت، جاری دیكەش باسی ئەوەی كردووە، ‌كە لە ئەنجوومەنی پیران مێزەكە بەسەر نەیارەكانیدا سەرەوژێر دەكات‌.

ترامپ سێیەم سەرۆكی ئەمریكایە، كە ڕووبەڕووی دادگاییكردن دەبێتەوە، ئەم پرسەش لە 18 دیسەمبەری 2019 وە سەریهەڵدا.

جۆن ڕۆبەرتسی سەرۆكی دادگای باڵا، سەرۆكایەتی دادگاییكردنەكە دەكات، كە تێیدا ترامپ بەوە تۆمەتبارە خراپ دەسەڵاتی بەكارهێناوە و ڕێگری لە كاری كۆنگرێس كردووە.

ماكنوێڵ هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكردووە، كە كردەی دادگاییكردنەكە ڕابگیرێت و وتی: ئەركی سەرشانمانە گوێ لە دادبینییەكە بگرین.

هەروەها بیلۆسی داوای كردووە دادگایكردنەكە دادپەروەرانە بێت، داواشی لەئەنجوومەنی پیران كردووە، كە زۆر گرنگە گەواهیدەر و بەڵگەنامەكانی ناو كۆشكی سپی بهێنرێنە ناو هۆڵی دادبینییەكەوە.

بیلۆسی وتیشی: گەلی ئەمریكا شایستەی ئەوەیە ڕاستییەكان بزانێت، دەستووریش ڕێگە بەو دادگاییكردنە دەدات و دەبێت لێپرسینەوە لە ترامپ بكرێت.

بیلۆسی بەوە ماكۆنێڵی تۆمەتبار كردووە، كە لە ئێستاوە واژووی ئەوەی كردووە بە هۆی دەنگدانی زۆرینەی ناو ئەنجوومەنی پیرانەوە ئەو تۆمەتنامەیە ڕەتبكرێتەوە، ئەو كارەشی بەداپۆشینی ڕاستییەكان وەسفكرد، ئەوەشی وت: بێ خستنەڕووی بەڵگەكان و ئامادەبوونی گەواهیدەرەكان، كردەی دادگاییكردنەكە بەتاڵە و داپۆشینی ڕاستییەكانە، هەروەها وتی: ماكونێڵ و سەرۆك ترامپ لەوە دەترسن ڕاستی زیاتر بۆ گەلی ئەمریكا ئاشكرا بێت.

بیلۆسی وادەی ڕادەستكردنی تۆمەتنامەكەی بەئەنجوومەنی پیران دواخستبوو بۆ بانگهێشتكردنی گەواهیدەرەكان، كە ئاشنان بە ڕەفتارەكانی ترامپ لە پرسی ئۆكرانیادا، لەوانەش بانگهێشتكردنی میك مۆڵڤانی گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی و جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی پێشووە.

ماكۆنێڵ  لەو بارەوە وتی: لە دادگاییكردنەكەی ساڵی 1999 ی بیل كلینتۆنی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا ڕوویدا، دوای ئەوەی سیناتۆرەكانی ئەنجوومەنی پیران گوێ لە نوێنەرانی داواكاری گشتی و بەرگریكاران دەگرن، ئینجا گوێ لە گەواهیدەرەكان دەگرن.

دادگاییكردنەكەی بیل كلنتۆن لە ساڵی 1999 لە پرسی مۆنیكا لوینسكیدا پێنج هەفتەی خایاند، لە كۆتایشدا بێتاوان دەرچوو، دادگاكەش بۆ ماوەی دە ڕۆژ گوێی لە گەواهیدەركان گرت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر