ئێران موقتەدا سەدر بۆ قۆناغی دوای سیستانی ئامادە دەكات

ڕاپۆرت

28/01/2020‌ 2218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندە عێراقییە ئاگادارەكان، هەڵگەڕانەوەی موقتەدا سەدر لەجەماوەری ناڕازی شەقام والێكدەدەنەوە، كە ئێران بەڵێنی پێداوە لە قۆناغی دوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی خاوەن بڕیار بێت و ڕۆڵی هەبێت، واش پێدەچێت بە هۆی نەخۆشییەكەی سیستانییەوە،‌ ئەم قۆناغە نزیك بێت.

چەند مانگێك لەمەوپێش، لایەنگرانی سەدر لە شەقام، مایەی سەر‌یەشە بوون بۆ ئێران، هەمیشەش سەدر وای نیشانداوە  لەگەڵ ئێراندا كۆك و تەنبا نییە، بەڵام لەناكاو بووە هاوپەیمانی تاران و دەستیكرد‌ بەگرێدانی كۆبوونەوەكان لە تاران و چركاندنی وێنەكان لەگەڵ سەرۆكی میلیشیاكان، كە هەمیشە بێزیلێكردوونەوە و پێ وابوو نۆكەری بێنرخن و تۆمەتی ئەنجامدانی كاری توندوتیژی و دزینی ماڵی گشتی و تایبەتی داونەپاڵ.

ئەو ناوەندانە بە دووری نازانن ئەم وەرچەرخانەی سەدر، پەیوەست بێت بەو گفتوگۆیانەی ماوەیەكە سەبارەت بە جێگرتنەوەی عەلی سیستانی بەڕێوەدەچن، كە ناوبراو تەواو پیر بووە، لەم دوایانەشدا نەشتەرگەرییەكی ئاڵۆزی بۆ كراوە، كە لەوانەیە كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئەو دروست بكات.

ئەو سەرچاوانە، كە پەیوەندیدارن بەو گفتوگۆیانەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لەوانەیە ‌ ئێران سەبارەت بە ئایندەی سیاسی و ڕۆڵی لە حەوزەی نەجەف،‌ بەڵێنی بە سەدر دابێت، وەك ئەوەی هاوكاریبن لەوەی لە پرسی دیاریكردنی جێگرەوە بۆ عەلی سیستانی بۆگەڕاوەی (مەڕجەع) نەجەف، خاوەن قسە و كاریگەری بێت.

سەرباری ئەوەی‌ سەدر یەكەم كەس بووە، كە ئێرانییەكان لە عێراقدا وەبەرهێنانیان تێدا كرد، لەوەی لە شەڕی تایەفەگەری ساڵی 2006 دا میلیشیا چەكدارەكانی سوپای مەهدیان پڕچەك و پارەدار كرد، بەڵام سەدر نەبوو بە جێگەی متمانەداری ئێران، كەچی ئێستا تاران لەو شەڕە كراوەی لەگەڵ واشنتۆن دەستیداوەتێ لە ناوچەكە، پێی وایە پێویستی بە سەدرە.

سەرچاوەكان دەڵێن لەوانەیە تاران لە دوای قۆناغی سیستانی لە نەجەف، بەڵێنی ڕۆڵێكی گەورەیان بە سەدر دابێت، ئەمەش نهێنی وەرچەرخانی لەناكاوی هەڵوێستی سەدرە بە ئاراستەی ئیرانییەكان و پشتكردنە جەماوەری ناڕازی سەرشەقام، لە دوایشدا چوونە ناو میحوەری ئێرانی و بەرەنگاربوونەوەی بوونی سەربازی ئەمریكی لە عێراق.

ئەو مەزەندەكردنەش لەسەر ئەوە بەندە، كە هاوبەشەكانی ئێران لە عێراق خەریكە هەموو شتێك دەدۆڕێنن، چونكە ئەوان پشت بەو چەكە دەبەستن هەیانە و وەك سەدر قووڵاییەكی جەماوەرییان نییە.

ئێران چاوەڕێی كرد هەتا ناڕەزاییەكانی شەقامی عێراقی هەموو هاوبەشەكانی ئەویان لەكارخستن، ئینجا دەستیدایە نزیككردنەوەی سەدر، میدیا زەبەلاحەكەی خۆشی خستەگەڕ بۆ بانگەشەكردن بە‌و ئاراستەیەی، كە ئەمریكییەكان شەقامی عێراقی دەجوڵێنن.

سەدریش بێ دوودڵی ئەو بیرۆكەیەی ئێرانییەكانی قۆستەوە بۆ هەڵگەڕانەوە لەجەماوەری سەرشەقام، كە پێشتر پشتیوانیان بوو.

لە دوانامە‌یدا سەدر داوای لە جەماوەری سەرشەقام كرد، خۆیان لەئەمریكا بێبەری بكەن، لە هەمان ئانوساتیشدا پێیوتن ناكرێت زیان بە دەوڵەتانی دەوروبەر بگەیەنن، ئەمەش‌ ئاماژەیە بۆ ئێران.

سەدر دروشمی كردنەدەرەوەی‌ داگیركەری بەرزكردووە، كە ئەمریكایە، ڕاشیگەیاند، كە پاڵیداوەتە پاڵ ئێران.

كاردانەوەی شەقامی عێراقی لە بەرانبەر سەدردا خۆڕاگرانە بوو، ئەو بیرۆكەشیان تێكوپێكشكاند سەدر تاكە جوڵێنەری شەقامی عێراقییە.

ئەمە دوو ڕۆژە گۆڕەپانەكانی بەغدا و نەجەف و ناسڕیە و بەسڕە و هی دیكەش، پڕن لەهەزارەها خۆپێشاندەر، سەلماندیان جەماوەری عێراقی خۆڕاگرە و پشتیوانی پارتە فەرمانڕەواكانی عێراق نییە و هەر خۆشیان زۆرینەن لەوڵاتدا.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی سەدر كردی لە كۆششكردن بۆ دەورەدانی خۆپێشاندانەكانی شەقام بە پاساوی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، جێبەجێكردنێكی كوێرانەی پلانی ئێران بوو، كە ئامانجەكەی ڕوون و ئاشكرایە، لەهەمان كاتیشدا هەوڵێك بوو بۆ كێشانەوەی بەشێك لە لایەنگرانی خۆی لە ناو جەماوەری ناڕازیدا.

فاروق یوسفی نووسەری عێراقی پێی وایە ئێران بە زۆر بەڵێن‌ موقتەدا سەدری فریوداوە لەو كاتەی لەگەڵ عەلی خامەنەییدا كۆبووەتەوە، بەڵام ناشیكاتە ئەو پیاوەی لە عێراقدا پشتی پێ دەبەستێت.

یوسف وتیشی: سەدر بۆ ئێران كارتێكی دۆڕاوە، تاران چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوو خۆی لێدەرباز بكات، واتە ئێران سەدری وەلاناوە، كە متمانەی پێناكات، ئەمەش خۆسازدانی تارانە بۆ پشتبەستن بەو سەركردە شیعانەی جێگەی متمانەی خۆنی لە عێراقدا.

وتیشی: ئەو قۆناغە تازە دەستپێناكات، تا سەدر بە یەكجاری مایەپوچی سیاسی نەبێت بەوەی بیكەنە نەیاری جەماوەر و ڕیزەكانی جەماوەری ناڕازی پێكەرت بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرتبوونی گەوەرەی مەترسیدار لەناو كۆمەڵگادا، پارتە شیعەكانیش لەم پرسە زۆر دەترسن و تینیان بۆ هاتووە.

یوسف هۆشداری ئەوەشیدا، كە بەزین و تێكشكانی لە بەرانبەر جەماوەری ناڕازی شەقامدا، لەوانەیە هۆكار بێت تا سەدر ڕێچكە دڕەندە و كێوییەكەی جاران بگرێتەوەبەر، چونكە ئەو پێشتر لە بۆنەیەكدا داوای زیندووكردنەوەی سوپای مەهدی كرد، كە لە شەڕی تایەفەگەری نێوان ساڵانی 2006 و 2007 ڕۆڵێكی قێزەوونی هەبوو.

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە