رەگەزنامەیان لێوەردەگرێتەوە.. مسوڵمانانی هیندستان لەژیر ڕەحمەتی سەرۆك وەزیرانێكی هیندۆسدا

لە میدیاکانەوە

11/02/2020‌ 1449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كۆتایی مانگی ئابی ٢٠١٩ ، نزیكەی 1,9 كەسی هیندی بۆیان دەركەوت، كە رەگەزنامەی هیندستانیان لێوەردەگیرێتەوە، یەكێك لەو كەسانەی رەگەزنامەیان لێوەردەگیرێتەوە دایك و باوكی دۆلاس لال بوون، كە لەوبارەیەوە دەڵێت:  لە حاڵەتێكی دڵەڕاوكێی زۆر توند دام، هێشتا بە باوكم نەوتووە ناوی لەناو لیستەكەدا نییە، كە رەگەزنامەیان دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی نەخۆشی دڵی هەیە، هەروەك چۆن بەهیچ كام لە ئەندامانی تری خێزانەكەم نەوتووە .

بابەتەكە چۆنە و چی ڕوودەدات ؟ 
حكومەتی هیندستان بریاریداوە سەرژمێری لە ویلایەتی "ئاسام" بەڕێوە بەرێت، كە ویلایەتێكی فرە ئاین و فرە نەتەوەیە، لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە تەنیا ئەو كەسە بە هیندی هەژمار دەكرێت، كە بیسەلمێنێت پێش ساڵی ١٩٧١ دایك و باوكی لەو ویلایەتە نیشتەجێ بووبن، بەڵام ئەوەی نەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت ئەوە دەخرێنە ناوەندەكانی تایبەت بە كۆچبەران، كە لەئێستادا حكومەتی دەستیكردووە بە دروستكردنیان.

دواتر هەموارێك لە یاساكەدا كرا، كە ئاسانكاری بۆ پێدانی رەگەزنامە بەو كەسانە دەكات، كە یاساكە دیاری كردوون، جگە لەمسوڵمانەكان، كە ئەمە وایكرد خۆپیشاندان و نارەزایەتی گەورە و فراوان دژ بە حكومەتی ناریندرا مۆدی بەڕێوە بچن و تێیدا خۆپیشاندەران سەرۆك وەزیران بەكەسێكی ستەمكار و فاشیان هەژمار كردووە.

ژمارەی مسوڵمانانی هیندستان ٢٠٠ ملیۆن كەس دەبن و ڕێژەی 14%ی دانیشتووانی هیندستان پێكدەهێنن .

مۆدی و پلانەكانی 
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، مۆدی لەتەمەنی گەنجیدا پەیوەندی بە ریزەكانی رێكخراوی RSS كردووە، كە بزووتنەوەیەكی هیندۆسی گەورەیە و هەوڵ دەدات هیندستان بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی هیندۆسی تەواو .

لەساڵی ١٩٤٨ یەكێك لە ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە، مەهاتما گاندی ڕێبەری مێژوویی هیندستانی تیرۆر كرد تەنیا لەبەر ئەوەی بەڕای ئەوان گاندی هەوڵی رازیكردنی مسوڵمانەكان دەدات، دواتر جوڵانەوەكە بوو بە بناغەی دروستبوونی پارتی دەسەڵاتداری "بەهاراتا جاناتا"، كە ئێستا مۆدی سەرۆكایەتی دەكات .

مۆدی لە ساڵی ٢٠١٤  كاتێك بۆیەكەمجار لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەرنامەی  بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەپێدانی ئابووری كردە كارنامەی حكومەتەكەی، لەساڵانی دواتردا هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی توندوتیژییە ئاینییەكان، ئاستی گەشەی ئابووری جێگای رەزامەندی هیندییەكان نەبوو ، تەنانەت بەگوێرەی گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی  لەماوەی ٤٢ ساڵی راردوودا ئابووری هیندستان لەخراپترین دۆخی خۆیدایە .

بەگوێرەی راپۆرتی هیومان رایتس ۆچ، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ بەهۆی چەوساندنەوەی ئاینی ٤٤ كەس لە هیندستان كوژراون، كە لەو ژمارەیە ٣٦ یان مسوڵمان بوون .

لە ساڵی ٢٠١٩  مۆدی بریاریدا جارێكی تر خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان بەربژێر بكاتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی داواكاری هیندۆسەكانی كردە درووشمی سەرەكی هەڵبژاردنەكانی، بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی مۆدی لەڕێگای شێواندنی ناوبانگی مسوڵمانان جارێكی تر بووەوە بە سەرۆك وەزیری هیندستان .

دوای سێ مانگ لەبوونەوەی بەسەرۆك وەزیران، مۆدی مافی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی كشمیری زۆرینە مسوڵمانی هەڵوەشاندەوە، كە حكومەتە خۆجێیەكەی دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو، كە ئەوانە دەستنیشان بكات بە بەردەوامی لە ویلایەتەكە جێگیر دەبن و دواتر دەیتوانی مسوڵمانانی ویلایەتەكە بپاریزێت.

ئێستا مسوڵمانان بەهۆشدارییەوە دەڕواننە هەڵكشانی نەتەوەچییەتی هیندۆسەكان لەسەردەمی ناریندرا مۆدی.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی