هۆكاری تەمەندرێژییەكەی ئاشكرادەكات.. بەتەمەنترین پیاوی جیهان تەمەنی ١١٣ ساڵە

هەمەڕەنگ

15/02/2020‌ 785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چیتیسۆ واتانابی ژاپۆنی بە ١١٢ ساڵ و ٣٤٤ رۆژ تەمەنەوە وەك بەتەمەنترین پیاوی جیهان ناوی چووە ناو كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

بەگوێرەی رۆژنامەی "یو ئێس تودەی" واتانابی لەوەڵامی پرسیارێك، كە ئایا نهێنی تەمەندرێژییەكەی چییە؟ دەڵێت: تووڕە مەبە و با بەردەوام زەردەخەنە لەسەر لێوەكانت بێت.

واتانابی لەساڵی ١٩٠٧ لەشاری نییگاتای كەناری باكووری ژاپۆن لەدایك بووە، تا دەیەی رابردووش هەر وەك جوتیارێك كاری كردووە، كە خۆشی دەرچووی قوتابخانەی كشتوكاڵییە.

دوای دەرچوونی لە قوتابخانەی كشتوكاڵی چووەتە تایوان بۆ ئەوەی لەبواری كشتوكاڵی قامیشی شەكر كار بكات و لەوێش ١٨ ساڵی بەسەر بردووە.

دوای كۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهانی گەڕاوەتەوە بۆ نییگاتا و وەك فەرمانبەرێكی دەوڵەتی كاری كردووە تا ئەوكاتەی خانەنشین بووە.

ژمارەی پێوانەیی پێشووتر بۆ ماسازوو نوناكا بوو، كە ئەویش بەساڵاچوویەكی ژاپۆنی بوو، مانگی رابردوو كۆچی دوایی كرد.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی