كۆمەڵ دەنگ بە كابینەكەی عەلاوی دەدات

کوردستان

20/02/2020‌ 999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە دەنگدان بە كابینە وەزارییەكەی عەلاوی بەشداری دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران  دەكەن.

ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا راشیگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی هیچ بەرهەڵستییەكی نییە بەرانبەر بەكابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێرداو ، بۆیە لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشداری دەكەن و بۆ متمانەپیدانی دەنگ دەدەن ". 

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی  پێشبینی كردووە كوتلە كوردییەكانی تریش بەشداری دانیشتنەكە بكەن . 

بەپێی سەرچاوەكان لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی نێوانیان، سەرۆك وەزیری راسپێرداو بەشاندی هێزە كوردستانییەكانی راگەیاندووە، كە ئەو بە پاڵاوتنی هیچ پالێوراوێكی حیزبی رازی نابێت، بۆیە داوای كردووە هیچ كەسێكی حیزبی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان پێشكەش نەكەن . 

بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی و دەنگدان لەبەرژەوەندی كابینە سەربەخۆكەی عەلاوی لەكاتێكدایە كە هەریەك لە یەكێتیی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندووە ئەوان هیچ وەزیرێكی كورد لە كابینەكەی عەلاویدا قبووڵ ناكەن ئەگەر ئەو كەسە پشتیوانی هێزە كوردییەكانی هەرێمی لەگەڵ نەبێت .