ئەردۆغان: پرسی ئیدلب ئەوەندەی عفرین بەلای ئێمەوە گرنگە

جیهان

23/02/2020‌ 1187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا رایگەیاند، پرسی ئیدلب بەلای ئەوانەوە ئەوەندەی عفرین و ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی بەلای ئەوانەوە گرنگە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند، ئەوەشی بەڕاشكاوی بە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا وتووە.

ئەردۆغان لەشاری ئیزمیر و لەلێدوانێكدا باسی لەوەش كرد، كە ئیدلیبیش هاوشێوەی ئەو ناوچانەی ئەندامانی پەكەكەمان لێدەركرد دەخەینە ناو ناز و نیعمەتی ئاشتی و ئاسایشەوە.

هەروەك پێداگری كردەوە لەسەر گرێدانی دیدارێكی چوارقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا و ئەنگێڵا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا و ئیمانوئێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا لە پێنجی ئازاری ئەمساڵ بۆ باسكردن لە پرسی پارێزگای ئیدلبی سوریا.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دوای هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا چەكدارییەكانی سەر ئەنقەرە بۆ سەر شاۆچكەیەكی ژێر كۆنترۆڵی سوپای سوریا دۆخی ئیدلب ئەوەندەی تر قەیراناوی بوو ، كە دواتر هێزەكانی رژێمی سوریا بەهاوكاری فرۆكە جەنگییەكانی رووسیا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان كردەوە كە لەدەستیاندابوو . 

لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێزەكانی سوپای سوریا بەهاوكاری هێزە ئاسمانییەكانی روسیا ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی گرووپە تووندرەوەكانی سەر بە ئەنقەرە لە پارێزگای ئیدلیب دەستپێكرد، كە بەپێی داتاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی ٩٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی و لاشەر ئاوارە بوون، توركیا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە، كە تا كۆتایی مانگی شوبات چاوەڕی دەكەن تا سوریا هێزەكانیان لەو ناوچانە بكێشنەوە كە كۆنترۆڵیان كردوون ئەگینا لای خۆیانەوە هەنگاوی كرداری دژ  بە سوای سوریا دەنێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی