ئەگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان سوریاو توركیا

ڕاپۆرت

25/02/2020‌ 2875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵكشانی گرژی سەربازی و سیاسی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەئیدلب بەردەوامە، سوپای سوریا بە بەردەوامی لە باكووری ڕۆژئاوای سوریا لە پێشڕەوی دایە، لە كۆتایدا سەرجەم ناوچەكانی دەوروبەری ڕێگەی نێودەوڵەتی خستە ژێر ڕكیفی خۆیەوە، كە دیمەشق بە باشووری پارێزگای حەلەبەوە دەبەستێتەوەو بە ڕێگەی (ئێم 5) ناسراوە. 

ئەمە ناكۆكییەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرەی زیاتر كرد، مۆسكۆ بەوە ئەنقەرە تۆمەتبار دەكات، كە پابەندی ڕێككەوتننامیە سوچی نەبوو، ئەنقەرەش داوای گرێدانی لوتكەیەكی چوارینەیی دەكات لەئەستەمبوڵ، لە 5 ی مارسی ئایندە، كە هەریەك لەڕوسیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیای تێیدا بەشداربن.

دوو پێنوێنی سەرەكی 
دوو پێنوێنی سەرەكی نیشانەی هەڵكشانی دۆخەكەن لە نێوان هەردوولا: یەكەم سوپای توركیا بە بەردەوامی سوپاس سوریا دەكاتە ئامانج.

لە 14 ی فبرایەری 2020،  فڕۆكەیەكی پەروانەداری سوریا لە باكووری خۆرئاوا خراوەتە ‌خوارەوە و ستافەكەشی كوژران، دەستەی ڕزگاركردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو)، لەبەیاننامەیەكدا، بەرپرسیارییەتی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەیان لە ئەستۆ گرت، وتیان كەتیبەیەكی بەرگری ئاسمانی ئەو كارەی ئەنجام داوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردووەتەوە. 

سێ ڕۆژ پێشتریش، فڕۆكەیەكی پەروانەداری دیكەی سوریا،  بە موشەكێكی سوپای توركیا لە ئیدلیب خرایە ‌خوارەوە.

دووەم/ سوپای توركیا پشتیوانی زیاتری سەربازی دەنێرێتە باكوری سوریا: 
راپۆرتە میدیاییەكان و ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەوەیان ئاشكرا كردووە، هێزی سەربازی كۆماندۆسی زەبەلاحی توركیا، كە چەندەها موشەكهاوێژیان پێ بووە، لە 14-17 ی فبرایەر، گوازراونەوە بۆ سەرجەم بنكە سەربازییەكانی توركیا لە سوریا.

 گرتنەبەری هەنگاوی تەواوكاری دیكە
توركیا و سوریا لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی، هەنگاوی دیكەشیان گرتونەبەر: 
یەكەم/ هەڕەشەی بەردەوامی توركیا بەئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی دژ بە سوریا:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، لە بەردەم ئەندامانی حیزبەكەی لە ئەستەمبوڵ لە 15 ی فبرایەر وتی: نیازیان نییە سوریا داگیر بكەن، وتیشی: گرفتە خەتای سوریایە پابەندی ڕێككەوتننامەی سوچی نابێت، كە پێش كۆتایی فبرایەر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن و سنورێك بۆ سوپای سوریا دادەنێن.

بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاش، ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغانی دایەوە و لە 17 فبرایەر وتی: جەنگی ڕزگاركردنی ئیدلب‌و حەلەب بەردەوام دەبێت، گوێش بەو‌ دەنگە پوچە نەشازانە نادەن، كە لە باكوورەوە دێن، هەموو خاكی سوریاش ڕزگار دەكەن و تیرۆر تێكدەشكێنن و سەقامگیریش بەرقەرار دەكەن.

دووەم/ سوریا دانی بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا نا:
لە 13 فبرایەر، ئەنجومەنی گەلی سوریا، لە بەیاننامەیەكیدا، بە كۆی دەنگ دانی بەو كۆمەڵكوژیەدا نا،  كە ئەرمەنەكان لە نێوان ساڵانی 1915-1917 لەسەر دەستی سوپای عوسمانی تووشی هاتوون، ئەوانەش‌ ڕسوا و شەرمەزرا دەكەن كە ئەو تاوانە پەردەپۆش دەكەن.

هاتنەناوەوەی نێودەوڵەتی:
ئەمریكا و ڕوسیا لەو هەڵكشانەی ئێستای ڕووداوەكاندا بەشدارن، لەوەی پشتیوانی بۆ‌ دوو لایەنە ناكۆكەكە دەستەبەر دەكەن:
یەكەم/ ڕاگەیاندنی ئەمریكی لە پشتیوانی هەواڵگری و سەربازی بۆ سوپای توركیا، جێمس جیفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە 13 ی فبرایەر وتی: ئەمریكا لەو داوایەی توركیا دەڕوانی كە ناتۆ لە ئیدلب پشتیوانی لی بكات، ئێمەش بە دابینكردین زانیاری هەواڵگری و كەرەستەی سەربازی، پشتیوانی لە سوپای توركیا دەكەین. جیفری ووتیشی نیازمان نییە سەربازی ئەمریكی بۆ پشتیوانی توركیا لە ئیدلب بنێرین، كۆشكی سپیش ڕایگەیاند كە تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەو بارەوە لەگەڵ پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا ئەنجامداوە.

دووەم/ تۆمەتە بەردەوامەكانی ڕوسیا بەوەی توركیا پابەندی رێككەوتننامەی سوچی نەبووە. راپۆرتە ڕوسییەكانیش دەڵێن ئەنقەرە 70 تانك و 200 زرێپۆش و 80 تۆپی هێناوەتە نێو ئیدلبەوە، زۆرینەی ئەو چەكانەش، ڕادەستی دەستەی ڕزگاركردنی شام كراون. ئەمەش وای له دیمیتری بیسكۆڤی‌ قسەكەری فەرمی كرملین كرد بڵێت، ئەنقەرە پابەندی رێككەوتننامەی سوچی نەبووە، وتیشی تیرۆرستانی ئیدلب چەك و كەرەستەی‌ جەنگی زۆر مەترسیدارییان بەدەست گەیشتووە.

ڕوسیا هەر بە ڕەخنەگرتن نەوەستا، بەڵكو فڕۆكەكانی چەندەها هێرشیان كردە سەر لایەنە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی پاشكۆی توركیا، بە مەبەستی وەستاندنیان كە ئەو ناوچانەی لە دەستیان داوە نەیگرنەوە، چونكە ڕوسیا پێی وایه،‌ ناگەڕێنەوە پێش ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ئیدلب و هەرگیز جارێكی دیكە ڕێگە بەو كارە نادەن كە شارەكە دووبارە بكەوێتەوە بن دەستی چەكدارە توندڕەووەكان.

پوختەی قسە ئەوەیە: ئاماژە و پێنوێنەكان ئەوە نیشان دەدەن، كە ناكرێت شیمانەی (احتمال) ی هەڵكشان و پەرەسەندنی ڕووداوەكانی نێوان توركیا – سوریا بە هەند وەرنەگیرێت، لەوەی ئەگەر هەیە هەردوولا ‌ تووشی پێكدادانی ڕاستەوخۆبن، ئەمەش‌ لێكەوتی مەترسیداری سیاسی و مەیدانی لێدەكەونە‌وە كە سوریا لە قۆناغی ئایندە تووشیان دەبێت.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر