هیچ سیناریۆیەك بۆ حاڵەتی شكستهێنانی تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكەی عەلاوی ئامادەنەكراوە

عیراق

26/02/2020‌ 754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: كوتلە سیاسییەكان هیچ سیناریۆیەكیان ئامادە نەكردووە بۆ حاڵەتی شكستهێنانی تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا .

كەریم لەلێدوانێكدا دەشڵێت: عەلاوی كابینە وەزارییەكەی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكاندا باس نەكردووە ئەوەش لەخزمەتی خۆیدا نییە، بەو پێیەی هەندێك لەو ناوانەی هەڵیبژاردوون بەهۆی نەبوونی متمانەی سیاسی پێیان رەتدەكرێنەوە.

باسی لەوەش كردووە، كوتلە سیاسییەكان بۆ حاڵەتی شكستهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە متمانەدان بە كابینە وەزارییەكەی عەلاوی هیچ جیگرەوەیەكیان نییە و هیچ سیناریۆیەكیان بۆ ئەو دۆخە ئامادە نەكردووە.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كوتلە سیاسییە كوردی و سوننییەكان هێشتا ئامادەنین پشتیوانی عەلاوی بكەن، بەجۆریك پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان ئامادەی دانیشتنەكە نابن و لەوەشدا چەند كوتلەیەكی كوردی هاوڕایانن. 

ئەو پێشیوابووە ئەگەر نەتوانرێت كابینە وەزارییەكەی عەلاوی تێپەڕێنرێت ئەوە قۆناغی داهاتوو لەسەر هەموو كوتلە سیاسییەكان قورستر دەبێت.

رۆژی سێشەممە فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح جەختیكردبووەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو چەند ناوێكی خستووەتە ناو كابینە وەزارییەكەیەوە، كە لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە ڕەتكرداونەتەوە.