نوێترین ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لەعێراق‌و هەرێم

عیراق

07/03/2020‌ 1383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بەجۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) تۆمار كراوە.

سەیف بەدر راشیگەیاند، تووشبووەكان، پێنجیان لە پارێزگای بەغدان، دوو حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی پشتڕاستكراونەتەوە، كە یەكێكیان ئەو كەسەیە بەر لە چەند رۆژێك گیانی لەدەستدا و حاڵەتی هەشتەم ئافرەتێكە لە پارێزگای كەربەلا، كە پێشتر نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و چەند نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجامدراوە و گیانی لەدەستدا.

سەیف بەدر ئاماژەی بەوەش كرد، كە رێكاری پێویست بۆ چۆنییەتی مامەڵكردن لەگەڵ تووشبووەكان گیراوەتەبەر.

ئەمە لەكاتێكدایە شەوی رابردووش وەزارەتی تەندروستی هەرێم تووشبوونی كەسێكی تری بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەولێر راگەیاند.

بەدر هەروەها رایگەیاندووە، كە وەزارەتەكەی جەخت لە جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو بڕیارانە دەكاتەوە، كە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵات دەركراون و داوای لە لایەنە پەیوەندارەكان كردووە چاودێری جێبەجێكردنی رێككارەكان بكەن و لێپچینەوە لەگەڵ سەرپێچیكاران بكەن.

بە تۆماركردنی ئەو حاڵەتانە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی تووشبوون لە ٢٤ی شوباتی رابردوو تا ئێستا لە عێراق گەیشتووەتە ٤٦ كەس، لەو ژمارەیە چواریان گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات حكومەتی عێراق چەند رێوشوێنێكی بۆ رێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید -١٩) گرتووەتەربەر، لەوانە راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەكانی خوێندن.

بڕیاریشیداوە بە هەڵپەساردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران و كوێت لەماوەی نێوان ٨ بۆ ١٥ی ئادار،  كە بۆ یەكەم جار ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا.