زانكۆی مینیسۆتا ئەنجامێكی سەیری لەسەر (كۆرۆنا ڤایرۆس) بۆ دەركەوتووە

لە میدیاکانەوە

17/03/2020‌ 3233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
بەشی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی تەندروستی زانكۆی مینیسۆتا- ئەمریكا توێژینەوەیەكی وردی لە سەر تووشبووان بەنەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەردوو وڵاتی ئیتالیا و كۆریای باشوور ئەنجامداوە و بۆی دەركەوتووە لەگەنجە ئیتالییەكان خۆشبەختترن و كەمتر تووشدەبن و خەڵكی پیر و بەتەمەنەكان بێبەختن، بەڵام لە كۆریای باشووریش بە پێچەوانەوە خەڵكی گەنج بەرزترین ڕێژەی تووشبوونیان هەیە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

توێژینەوەكی فراوانی 70 لاپەڕەییە، كە ڕۆژی 16ی ئازار لەسیمینارێكدا زانكۆی كۆنكۆردیا لە شاری مۆرهید خرایەڕوو جگە لەبواری ئامار و داتا، بەشێكی چۆنییەتی خۆپاراستنی كۆریای باشووری لەخۆ گرتووە، كە كەمترین قوربانیان هەیە و لەگەڵ ئەو خراپی ڕێوشوێنانەی ئیتالیاشی خستووەتەڕوو، كە زۆرترین قوربانیان هەیە.

ئەو بەشەی توێژینەوەكە گرنگە، كە باسی پەیوەندی تەمەن و تووشبوون بە ڤایرۆسەكەی بڵاوكردووەتەوە، كە لە كۆریای باشوور و ئیتالیا ڕێژەی تووشبوونی منداڵ (0-9 ساڵ) بە نەخۆشییەكە نزیكە لە یەكەوە (كۆریای باشوور 0.8%، ئیتالیا 0.5%)، كە بەپێی وتەی توێژەرەوەكان لە پزیشكانی ئیتالیا و كۆریا وەریانگرتووە بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگری خۆڕسكی منداڵ بەهێزە بەرانبەر ڤایرۆسەكە.

هەروەها پزیشكانی ئەمریكا نموونەی تووشبوون بە دڕكەو مێكوتە لە منداڵدا دەهێننەوە، كە زۆر زیاترە لە منداڵدا، بەڵام مردن بەهۆی دڕكەو مێكوتە لە منداڵدا 25 جار زیاترە وەك لە گەوران.

توێژینەوەكەی زانكۆی مینیسۆتا تەمەنی (10-19 ساڵ)ی وەرگرتووە و بۆی دەركەوتووە كەمترین هەرزەكار لەئیتالیا تووشبوون، كە 1.1% كەچی لە كۆریا ئەم ڕێژەیە زیاترە و 5%ە.

ئەو تەمەنەی، كە توێژەرانی تووشی شۆك كردووە لەكۆریای باشوور تەمەنی نێوان (20-29 ساڵە) كە 29.9%ی تووشبووەكان پێكدەهێنن لەكاتێكدا لە ئیتالیا 3.7%یە، كە جیاوازییەكی زۆر گەورەیە (بۆچی گەنجانی كۆریا زیاتر تووشی دەبن وەك لە گەنجانی ئیتالیا؟)

لەنێوان تەمەنی 30-39 ساڵ-دا هەر ئیتالییەكان خۆشبەخترن وەك لە كۆرییەكان ڕێژەی (5.9% بۆ 10.7%)، ئەم چانسە بۆ ئیتالییەكان لەتەمەنی 40-49 ساڵ هەر وەك خۆیەتی و ئیتالییەكان كەمتر تووشبوون وەك لە كۆرییەكان، بەشێوەیەك ئیتالیا (11.1%) و لە كۆریای باشوور (13.7%) تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوون.

ناوەندی تەمەن، كە (50-59) ساڵییە و زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان-یش لەو تەمەنەوە دەردەكەون، تا ڕادەیەك لە هەردوو وڵاتەكە تووشبوون نزیكن لەیەكەوە (ئیتالیا 18.1%، كۆریای باشوور 18.9%).

لە 60 ساڵییەوە دۆخی ئیتالییەكان خراپ دەبێت و دۆخی كۆریای باشوور باشدەبێت، بەشێوەیەك تەمەنی 60-69 ساڵ، ئیتالییەكان 18.3% تووشی كۆرۆنا بوون و كۆرییەكان 12.3% تووشبوون.

تا ئەم تەمەنە بەرەو ژوور بكشێت، ئیتالییەكان ئەگەری تووشبوون و تەنانەت مردنیشیان زیاترە بەپێچەوانەوە كۆرییەكان خۆشبەختن، ئەویش بەمشێوەیە: تەمەنی (70-79ساڵ)، 22.2%ی ئیتالییەكان تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووە لەبەرامبەردا 5.7%ی كۆرییەكان تووشبوون.

دوا تەمەن كە سەروو 80 ساڵییە. ژیانی ئەم تەمەنە پڕ لە نەخۆشی جۆراوجۆر بۆ خەڵكی كۆریای باشوور زۆرباشە و تەنیا 3%ی ئەم تەمەنە تووشی نەخۆشییەكە بوون، بەڵام بۆ ئیتالییەكان خراپە و 19.1% تووشی نەخۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوون.

ئەم توێژینەوەیەی زانكۆی مینیسۆتا لەئەنجامی ڕوپێوێكی مەیدانی تیمێكی قوتابیانی خوێندنی باڵای زانكۆكە بە خۆبەخش كردوویانە و ژمارەیان 10 كەسە، هەردوو تیمەكە بەجیا سەردانێكی مەیدانی هەردوو وڵاتەكەیان كردووە و بەهەڕەمەكی شارەكانیان وەرگرتووە.

ماوەی توێژینەوەكە 20 فێبریوەری تا 5 مارچ بووە. خەرجی تێچووی توێژینەوەكە هەر سێ كلێسای (ووددێل، هۆپ كۆمیونیتی و ئەنتیۆك كۆمینتی) لە شاری مێنیاپلس لەگەڵ سەرۆكایەتی زانۆكەكە پێكەوە لەئەستۆیان گرتووە 90 هەزار دۆلارری تێچووە.

كۆرۆنا ڤایرۆس گروپێكن لە ڤایرۆسە درمییەكان و دەتوانن ببنە هۆی زیانگەیاندن بە كۆئەندامی هەناسە، لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆس "سارس"ی ئاساییەوە سەریهەڵداوە كە بۆ ساڵی 2002 دەگەڕێتەوە. ئەم ڤایرۆسە بەبەردەوامی خۆی نوێدەكاتەوە، تا لە ئەنجامدا لەدیسێمبەری 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سەریهەڵدا بەناوی "سارس – كۆرۆنا ڤایرۆس 2" لەشاری وۆهان-ی كەرتی هێبی لە چین. خراپترین دۆخی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە كۆئەندامی هەناسە تێكدەدات، كەسەكە تووشی هەناسەتەنگی دەكات.