لەساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە ئابووری جیهان پاشەكشە دەكات

ئابوری

25/03/2020‌ 692 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانكی گۆڵدمان ساكسی ئەمەریكی پێشبینی كردووە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆۆرنا لەسەر زۆرینەی ئابوورییە پێشكەوتوو گەشەسەندووەكان، تێكرای بەرهەمی جیهانی بەڕێژەی لەسەدا یەك پاشەكشە بكات.

بانكەكە لە یاداشتێكی توێژینەوەییدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە چەندین كۆتوبەندی ماددی و دارایی بەسەر چەندین چالاكی ئابووری لەجیهاندا بسپێنرێت، كە لەوەتی جەنگی دووەمی جیهانییەوە وێنەیان نەبووە.

لەئێستادا هەموو كەرتە ئابوورییەكانی جیهان ڕوو لە پاشەكشەیەكی گەورەن بەتایبەتی كەرتەكانی خزمەتگوزارییەكان و گەشتوگوزار و پیشەسازی، كە هاوكاتە لەگەڵ دابەزینێكی گەورەی بەكاربردن.

بانكەكە راشیگەیاندووە، ئەگەر بێت و ئەو قەیرانەی ئێستا درێژە بكێشێت ئەوە ئابووری ناوخۆیی ئەمەریكا بەهۆی دابەزینی بەهای پشكەكان و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ‌و پەككەوتنی بوارەكانی ژیان، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی ٢٤٪ پاشەكشە دەكات.

هەروەها بەپێی راپۆرتی ئاسۆی گەشەی ئابووری جیهانی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن سندووقی نەختی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە پێشبینی كردبوو ئابووری جیهانی لەساڵی ٢٠٢٠ دا بەڕێژەی ٣،٣٪ گەشە بكات، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی ٢،٩٪ گەشەی كردبوو .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی