پنتاگۆن: ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ چەند مانگێکی تریش بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە

جیهان

25/03/2020‌ 367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا(پنتاگۆن) رایگەیاندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لەجیهاندا تووشی سەدان هەزار کەس بووە و هەزاران کەس بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە چەند مانگێکی تریش بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە .


ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری مایک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە گواستوویەتییەوە رایگەیاندوە، پێیانوایە پێویستە پلانی ئەوەیان هەبێت لانیکەم بۆچەند مانگێکی تریش دۆخەکە بەردەوام دەبێت، بۆئەوەش هەموو ڕێکارێکی خۆپارێزی پێویست بگرینەبەر، بەڵام متمانەمان هەیە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەوە تێدەپەڕێنن.


هەروەک جەنەراڵ مارک میڵی سوپاسالاری ئەمەریکا رایگەیاندوە، هێشتا روون نییە ئەو دۆخە چەندی تر بەردەوام دەبێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونی وڵاتانی تر ئەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  تا مانگی تەمووز بەردەوام دەبێت .


لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەرێمی هوبی وڵاتی چین تۆمار کرا لە ٤٠٠ هەزار تووشبووی تێپەڕاندووە و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەوانەشی چاک بوونەتەوە ١٠٧ هەزاری تیپەڕاندووە .


رۆژی ١١ی مارس دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەبەشی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان بڵاوبۆوە، ڕێکخراوی تەندوروستیی جیهانی رایگەیاندووە کە ڤایرۆسەکەی وەک پەتایەکی جیهانی ناساند  ، راشیگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەخێراییەکی زۆر هەڵدەکشێت و ژمارەی ئەوانەی تووش دەبن روو لەهەڵکشانە .
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی