پارتی: بۆ دەنگدان بە كابینه‌ی عه‌دنان زه‌رفی چوار داواکاریمان هەیە

عیراق

03/04/2020‌ 1773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 

پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کردووە، لایەنە کوردییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەدنان زه‌رفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەبارەی مەرجەکانی کورد بۆ پشتگیریکردنی ناوبراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بکەن بە دانوستانی راستەوخۆ و ڕاشکاو لەگەڵیدا، وتوشیەتی، چوار مه‌رجیان بۆ ده‌نگدان به‌كابینه‌كه‌ی هه‌یه‌.


شێرزاد سەعید، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە، "کورد ڤیتۆی لەسەر هیچ کەسایەتییەک نییە کە  پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق وەردەگرێت بەو مەرجەی ئەو کەسە دژی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان نەبێت". 


هەروەک وتویەتی "کۆوونەوەکانی ئەمدواییە لەبارەی دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو  هەڵویستێکی یەکگرتووی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتەوە ئەویش ئەوەیە کەرێکەوتن کراوە دانوستانێکی راستەوخۆ و ڕاشکاوانە لەگەڵ ناوبراو بکەینەوە بۆئەوەی لەبەرانبەر پشتگیریکردنیدا داواکارییەکانی کوردی پێبگەیەنین". 


سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، داواکارییەکانی کورد بریتین لە مووچەی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ و نەوتی هەرێم و پشکی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی.


لەماوەی رابردوودا چەندین جار بەرپرسانی کورد ئەوەیان دووپات دەکردەوە تاوەکو عەدنا زورفی پشتگیری زۆرینەی ناوماڵی شیعە بەدەستنەهێنێت ئەوان ئامادە نین دانوستان لەگەڵ ناوبراو لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە بکەن.