وەزیرە كوردەكان لە كابینەكەی زورفیدا دەمێننەوە

کوردستان

07/04/2020‌ 1137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باسم خەشان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كردووە عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێرداو بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی لایەنە كوردییەكان لەپەرلەماندا بڕیاریداوە وەزیرە كوردەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەناو كابینەكەی خۆیدا بهێڵێتەوە.

خەشان لەلێدوانێكی وتی: لەكابینەكەی عەدنان زورفیدا هەریەك لەفوئاد حوسێن وەزیری دارایی و بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی تێدا دەبێت، كە ئەو دوو وەزیرە پشكی پارتی دیموكراتن‌و ئەو حیزبەش سوورە لەسەر هێشتەوەیان.

ویشتی: مەبەست لە هێشتنەوەی وەزیرە كوردەكان لەلایەن زورفییەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە كوردییەكانە لەكاتی دانیشتنی متمانەدان بەكابینەكەی لە پەرلەماندا.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە عەدنان زورفی نەیتوانیوە كۆدەنگی سیاسی لایەنە شیعییەكان بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی بەدەستبهێنێت، لەهەمان كاتیشدا هێزە كوردی و سوننییەكان لەپێناو زورفی سەركەشی بەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە شیعییەكان ناكەن.

هەروەها وتی: تێپەڕاندنی كابینەكەی زورفی لەناو پەرلەماندا بووەتە شتێكی سەخت و ئەستەم.

لای خۆیشییەوە ریاز مەسعودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنی متمانەدان بەكابینەكەی زورفی گرێنادات پێش كۆكردنەوەی واژووەی پەرلەمانتاران بۆ زانینی تەواوبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە، پێشبینیشی كردووە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری بكرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی