عەدنان زورفی گرەو لەسەر یاخیبوونی پەرلەماناتاران دەكات

عیراق

09/04/2020‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم رایگەیاند، عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكومەتەكەی لە پەرلەمان گرەو لەسەر یاخیبوونی پەرلەماناتاران لە سەرۆك فراكسیۆنەكانیان دەكات.

جاسم بوخاتی پەرلەمانتاری رەوتەكە لەلێدوانێكدا راشیگەیاند، كۆدەنگی لایەنە شیعییەكان بەرەو ئەوەیە مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو ئامادە نییە پاشەكشە لە راسپاردنی بكات و سوورە لەسەر رۆیشتن بۆ پەرلەمان و پێشكەشكردنی كابینەی حكومەت و كارنامەكەی بۆ دەنگدان لەسەری.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیكمە عەدنان زورفی گرەوی لەسەر هەڵگەڕانەوەی یاخیبوونی پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكانە لەسەرۆكی كوتلە و حیزبە سیاسییەكانیان .

ئەو ئەوەشی راگەیاند، كە لەئێستادا زورفی كار لەسەر ئەو فاكتەرە دەكات و دەیەوێت وا لە پەرلەمانتاران بكات لە كوتلەكانی خۆیان هەڵبگەڕێنەوە‌و لەئەنجوومەنی نوێنەراندا لەبەرژەوەندی ئەو دەنگ بدەن.

لەدوای سازانی لایەنە شیعی و سوننییەكان و پشتیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەیاننامەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پشتیوانیكردن لە مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، چانسی عەدنان زورفی بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی كەمبووەتەوە. 

كوتلە سیاسییە شیعییەكان، كە دیارترینیان هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە بۆ شوێنگرتنەوەی عەدنان زورفی پشتیوانی مستەفا كازمی بكەن .

بەگوێرەی دەستووری عێراقی، كازمی ناتوانێت بەفەرمی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بپاڵێوێت، تەنیا مەگەر زورفی خۆی لە ئەركی ڕاسپاردنی پاشەكشە بكات، یاخود ماوەی دەستووری تەواو ببێت و نەتوانێت كابینە وەزارییەكەی تێپەڕێنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی