ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت
فراکسیۆنى کۆمەڵ: ئۆباڵی ئەم دۆخە دژوارە و خراپی گوزەرانی خەڵک دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم

کوردستان

20/04/2020‌ 471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، ئەوە مانگی نیسانیش بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆران بدات و هیچ پلان و هەنگاو و قسەیەکیشیان پێ نیە تا ئومێدێک بۆ خەڵک بگێڕنەوە .

فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، "ئەوە مانگی نیسانیش بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆران بدات و هیچ پلان و هەنگاو و قسەیەکیشیان پێ نیە تا ئومێدێک بۆ خەڵک بگێڕنەوە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌، "ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانمان چڕکردەوە تا پەرلەمانی کوردستان لەم بابەتەدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گوزەرانی هەموو هاونیشتمانیانەوە هەیە قسەی هەبێت و حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ناچار بکات بە دەستهەڵگرتن لەم بێباکی و خەمساردییە، بەڵام بەداخەوە لاوازی ڕۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشکۆبوونی پەرلەمان بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و زاڵبوونی هەژموونی حزب بەسەریدا گوێیان بۆ نەگرتین و لە ئاستی کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا نەبوون".

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ"ـەوە 
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان 

سەرەتا سوپاس بۆ خوای گەورە کە خەریکە بەتەواوی پەتای کۆرۆنا لەناومان هەڵدەگرێ و ڕۆژانەش مژدانەی چاکبونەوەی توشبوان و تۆمارنەکردنی حاڵەتی نوێ دەبیستین و بەمبۆنەیەشەوە ڕێز و سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ هەیە .

بەڕێزان 
ئەوە مانگی نیسانیش بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆران بدات و هیچ پلان و هەنگاو و قسەیەکیشیان پێ نیە تا ئومێدێک بۆ خەڵک بگێڕنەوە .

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانمان چڕکردەوە تا پەرلەمانی کوردستان لەم بابەتەدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گوزەرانی هەموو هاونیشتمانیانەوە هەیە قسەی هەبێت و حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ناچار بکات بە دەستهەڵگرتن لەم بێباکی و خەمساردییە، بەڵام بەداخەوە لاوازی ڕۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشکۆبوونی پەرلەمان بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و زاڵبوونی هەژموونی حزب بەسەریدا گوێیان بۆ نەگرتین و لە ئاستی کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا نەبوون .

لە کوێی دونیادا و چی حکومەتێک هەیە کە ساڵی گەیاندبێتە نیوە و هێشتا نەیتوانیبێت موچەی یەکەم مانگی ساڵ بدات و بە خۆشی بڵێت حکومەت ! 

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ ئۆباڵی ئەم دۆخە دژوارە و خراپی گوزەرانی خەڵک دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسایەی بێ پلانی و بێ باکی ئەوانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو کارەسات دەبات و، هیچ کەسیش ناتوانێت خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی خەڵک تاقی بکاتەوە و ئەنجامی چەوساندنەوە و برسیکردن ئێجگار خراپە و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت .

لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین، دابینکردنی موچە سەرەتاییترین ئەرکی حکومەتە و پێویستە لە زوترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی بکات و دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکاتە پاساوی دواخستنی لەوە زیاتر . چونکە حکومەت ئەگەر خاوەن پلان و سیستمێکی کارگێڕی تەندروستی شەفافی دوور لە گەندەڵیی بوایە، دەبوو بیری ڕۆژێکی وا لە بەرنامەیدا بێت و پلانێکی هەبوایە کە دەستەوسانی بەردەم خەڵک و فەرمانبەرەکانی خۆی نەبێت .

فراکسیۆنی کۆمەڵ 
لە پەرلەمانی کوردستان